پرسیار: کەسێک باوکی یان برای مردووە نوێژی نەدەکرد، دروستە نوێژی جەنازەی لەسەر بکەم؟
وەلام: زانایان دەڵێن تەرککردنی نوێژ ئەم سێ حالەتانەن:
حالەتی یەکەم: کەسێک نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە، یان دەلێت واجب نییە یان دەلێت نوێژ نەکردن باشترە لە نوێژ کردن، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
حالەتی دووەم: هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی، ئەمەیان موسڵمانە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.
حالەتی سێیەم: نوێژ ناکات بە یەکجاری، بەڵام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و دەزانێت واجبە بەلام لە تەمبەلی نایکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان موسلمانە، زۆربەی زانایان دەلێن مسولمانە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە.
لە کۆنەوە جیاوازی هەبووە لەنێوان زانایان تا ئێستا، جیاوازییەکەش بەهێزە لەنێوان زانایان ڕەحمەتی خوایان لێ بێت، هەموو زانایان یەک دەنگن ئەوەی نوێژ ناکات کەسێکی زۆر خراپە و وەزعی زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەش ئەوانەی دەڵێن موسلمانە زۆر تووندن بەرامبەر نوێژ نەکەر سزایان بۆ داناوە.
- ئیمام مالک و شافعی بۆ ئەوە چوون نوێژنەکەر دەبێت بکوژرێت وەک حەد نەک کوفر.
- ئەبو حەنیفە بۆ ئەوە چووە دەبێت بەند بکرێت لە بەندیخانە تا نوێژ دەکات.
- هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون داوای تەوبەی لێ دەکرێت، ئەگەر تەوبەی کرد و نوێژی کرد ئەوە موسلمانە، ئەگەر نوێژی نەکرد دەکوژرێت وەک هەڵگەڕاوە لەدین.
-هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە دەبێت بکوژرێت.
کێشەکە تەنها تەرک کردنی نوێژ نییە، چونکە زۆر لەوانەی نوێژ ناکەن ڕوکنەکانی تریشی ئیسلام ناکەن، وەک ڕۆژوو و زەکات و حەج، هەر کەسێک هەر چوار ڕوکنی ئیسلام تەرک بکات کافرە بە یەک دەنکی هەموو زانایان، چونکە کردەوە مەرجی دروستی ئیمانە نەک مەرجی تەواوی ئیمان بێت.
ئەوەی گرینگ بێت موسلمان دەبێت برایەتی بپارێزێت وەسفی برای خۆی نەکات بە تەکفیری ئەگەر نوێژنەکەری پێ کافر بێت، هەروەها وەسفی ئەوانەش نەکات بە مورجیئە ئەگەر نوێژنەکەری پێ موسڵمان بێ.
زانایان دەلێن ئەسڵ وایە لە ولاتی ئیسلامی خەلک موسلمانە و نوێژی لەسەر دەکەیت، بەلام ئەگەر بە گومان بوویت لە موسلمانی ئەو کەسە، ئەوە لەم حالەتە باشتر وایە مەرج دابنێی کاتێک نوێژی لەسەر دەکەیت، ئەوەی نوێژیشی نەکردووە باشتر وایە مەرج دابنێی: (اللھم إن کان مسلما فاغفر لە وارحمە).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (پرسیاری لێ ناکەین مادەم لە ولاتی موسلمانانە ئەوە ئەسڵ وایە موسلمانە، بەلام ئەگەر بەگومان بوویت لەسەر ئەمە مەرج دادەنێیت، ابن قیم باس دەکات لە ابن تیمییەوە ڕەحمەتی خوا لە ھەردووکیان بێت، کە ابن تیمییە پێغەمبەری بینیووە لە خەودا و پرسیاری لێ کردووە کە زۆر جار جەنازە دێننە بەردەمی و بەگومانە لە ئیسلامەکەیان، پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (مەرج دابنێ ئەی ئەحمەد) مەرج دانان واتە بلێ: (اللھم إن کان مسلما فاغفر لە وارحمە)، من ئەمە دەلێم لەبەر ئەوە ئەوەی نەقل دەکات کە ابن قیمە جێگای متمانەیە، هەروەها ئەوەی دەلێت پێغەمبەرم (ﷺ) لە خەو بینیووە ئەویش جێگای متمانەیە کە ابن تیمیە ...
سەبارەت بەوەی ابن تیمیە بینیوویەتی لە خەوندا ئەسڵی ھەیە لە شەرع، پاڵ پشتی بۆ ئەمە وتەی خوای گەورە سەبارەت بە اللعان دەفەرمووێت: (أن لعنت اللە علیە إن کان من الکاذبين) [النور: ٧]، ئەمە دوعایە مقید کراوە بە مەرج، ئافرەتیش دەلێت: (أن غضب اللە علیھا إن کان من الصادقین) [النور: ٩]) فتح ذي الجلال والإكرام (٥/٤٩٤).
باشتر وایە نوێژ لەسەر مردوو بکەیت ئەگەر حاڵەتی سێیەم بوو بەتایبەتی ئەگەر باوکت بێ یان برات بێ، چونکە ئەوەی نوێژ ناکات کافر نییە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، والڵە ٲعلم.