پرسیار: حوکمی ترسان لە شیرک و بەرووبومەکەی؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ھەر کەسێک تەوحیدی بە پوختی لەخۆیدا ھێنابێتەدی دەبێت لە شیرک بترسێت، لەبەر ئەوەی گەورەی ئەوانەی تەحقیقی تەوحیدیان کردووە محمد (ﷺ) زۆرینەی دوعاکانی ئەوە بوو خوای گەورە دووری خاتەوە لە شیرک، ھەروەھا ئیبراھیم (علیە السلام) زۆرینەی دوعاکانی ئەوە بوو کە شیرکی پێ نەگات و تووشی نەبێت یان تووشی پەیکەر پەرستی نەبێت.
ترسان لە شیرک چەند بەرووبوومێک بەرھەم دێنێت لەوانە:
- شارەزا دەبێت لە شیرک بە جۆرەکانیەوە، تا تووشی نەبێت.
- لەوانە دەبێت کە خۆی فێری تەوحید دەکات بە ھەموو جۆرەکانییەوە، ھەتا ترسان لە شیرک لە دڵیدا جێگیر دەبێت و لە شیرک دەترسێت و بە گەورەی دادەنێت و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەمە.
- ئەوەی لە شیرک دەترسێت دڵی بەردەوام دەبێت لەسەر گوێڕایەڵی خوا و تەنھا ڕەزامەندی خوای دەوێت.
یەکخواپەرست دەبێت لە شیرک بترسێت، نابێت بڵێت من یەکخواپەرستم و دەزانم تەوحید چییە و شیرک ھیچ ترسناکیەکی لەسەرم نییە، ئەمەیان لە شەیتانەوەیە و مرۆڤی تووشی لەخۆبایی بوون کردووە.
ئەگەر شیرکی گەورە نەفی تەوحید بکات و خاوەنەکەی تووشی چوونە ناو ئاگر بکات و تیایدا بمێنێتەوە ھەتا ھەتایی، ئەوە حەقە بەندە لێی بترسێت بە گەورەترین ترس، ھەوڵ بدات بۆ ڕزگار بوون و ڕاکردن لێی و خۆپاراستن لەو ڕێگا و ھۆکارانەی مرۆڤ تووشی دەبێت و داوای سەلامەتی لەخوا بکات لە شیرک، ھەروەک پێغەمبەرانی ھەڵبژێردراو كه باشترینی دروستکراوەکان بوونە داوای سەلامەت بوونیان کردووە لە شیرک.