پرسیار: دەکرێت بە پوختی باسی فەزلی یەکخواپەرستی بکەن؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە یەکخواپەرستی دەڵێن:
- یەکخواپەرستی ھەموو تاوانەکان ھەڵدەوەرێنێت نەک ھەندێکی، چونکە یەکخواپەرستی چاکەیەکی گەورەیە و ھیچ تاوانێک قبوڵ ناکات ئیلا دەیسووتێنێ و ڕووناکی ئەم چاکەیە کاریگەری دەبێت لەسەر تاوان.
- ھەر کەسێک یەکخواپەرستییەکەی تەواو بووبێت بە ھەر سێ جۆرەکانییەوە، واتە: یەکخواپەرستی لە پەروەردگاریەتیدا و لە بەندایەتی کردن و یەکخواپەرستی لە ناو و سیفەتدا ئەوە فەزلێکی گەورە بۆی هەیە.
- چەند بەندە یەکخواپەرستی یەکەی زیاد بێت تاوانەکانی زياتر ھەڵدەوەرێت بەگوێرەی گەورەیی یەکخواپەرستییەکەی، چەند بەندە یەکخواپەرستی زیاد بێت پارێزراوتر دەبێت و لەخۆشی و ئارامیدا دەبێت لە دونیا و دواڕۆژدا بە گوێرەی گەورەیی یەکخواپەرستی یەکەی.
- خوای گەورە ئەهلی تەوحیدی لەسەر ئاگری دۆزەخ حەڕام کردووە ئەوەی بە پاکی دەڵێت: (لا إلە إلا اللە).
- ئەگەر پڕ بە زەوی تاوانت ھەبێت خوای گەورە پڕ بە زەوی لێخۆش بوونی پێ دەبەخشێت، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (قال الله تعالى: يا ابن آدم إنك لو أتيتني بقراب الأرض خطايا ثم لقيتني لا تشرك بي شيئا لأتيتك بقرابها مغفرة)، واتە: (خوای بەرز و بڵند فەرموویەتی: ئەی نەوەی ئادەم ئەگەر پڕ بە زەمین گوناھت هەبێت و پاشان بگەیت پێم "بە مردن" لە حاڵێکدا ھیچ شەریکت دانەنابێت بۆم، چ زۆر چ کەم، منیش پڕ بە زەمین لێخۆش بوونت پێ دەبەخشم).
- ھەر حەوت ئاسمانەکان و ھەموو ئەوانەی کە ئاسمانەکانيان ئاوەدان کردوەتەوە جگە لە خوا، لەگەڵ حەوت زەمینەکەدا لە تایەکی تەرازوودا دابنرێت، وە (لا إلە إلا اللە) لە تایەکی تەرازوو دابنرێت، ئەوا (لا إلا اللە) لە ھەموو ئەوانە قورستر دەردەچێت.