پرسیار: کەسێک پارەی بە قەرز وەرگرتووە لە کەسێک، بەڵام ئێستا پارەکە گۆڕدراوە یان بەهاکەی لەدەست داوە، چۆن قەرزەکەی بۆ دەگێڕێندرێتەوە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە لەدەست دانی بەهای پارە دەڵێن سێ حاڵەتە:
حاڵەتی یەکەم: پارەیەک بەهاکەی لەدەست داوە بە کەمتر لە سێ یەک، واتە: بەها لەدەست دان یان بەنرخ بوون ئەگەر زۆر نەبێت، ئەمەیان هەمان پارە دەداتەوە و دەبێ هەردوولا ڕازی بن بە قەدەری خوای گەورە، لە باشی قەرزدانەوەش ئەوەیە قەرز بە زیادەوە بدەیتەوە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن. (حاشية الشلبي على تبيين الحقائق للزيلعي) (٤/١٤٣).
حاڵەتی دووەم: پارەیەک بەهاکەی لەدەست داوە بە زیاتر لە سێ یەک، ئەمەیان سەیری بەهاکەی دەکرێت ئەو کاتەی لەدەستی نەداوە، بە پێی بەهاکەی قەرزەکە دەدرێتەوە، ئەم قەرز دوو جۆر هەیە، هەیە زۆر کۆنە و هەیە نوێ یە، قەرزی نوێ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاسانە و دەتواندرێت بە ئاسانی تەخمین بکەیت بەپێی بەهاکەی، بەڵام هی کۆن ئەگەر زۆر کۆن بێ تۆزێک زەحمەتە، هەندێک بۆ ئەوە چوون بە زێڕ تەخمین دەکرێت، هەندێک زانای تر بەپێی هێز و بەهاکەی ئەو کات تەخمین دەکرێت، لێرەش کەسانی شارەزا دەبێ پێی هەلسن و تەخمینی بکەن.
گرینگترین شت زانایان دەڵێن تەخمین کردن بە زێڕ یان بە بەهای دراوەکە یان هەر شتێکی تر مەبەستمان ئەوەیە نە زیان بە خاوەن قەرز بکەوێت و نە قەرزار، بۆیە ئەگەر زێڕیش گۆڕانکاریەکی زۆری بەسەرهات و تەخمین کردن بە زێڕ قازانجێکی زۆر بێت بۆلایەک و زیانێکی گەورە بێت بۆ لایەکی تر شەرع لەگەڵ ئەمە نییە.
حاڵەتی سێیەم: پارەیەک ئەسڵەن نەماوە و ئیشی پێ ناکرێت، ئەمەشیان تەخمین دەکرێت بەپێی بەهاکەی یان زێڕ یان هەر شتێکی تر دادپەروەری تێدابێ.
جیاوازی لە گەڕاندنەوەی قەرز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئایا قەرز وەک خۆی دەگەڕێندرێتەوە یان بە بەپێی بەهاکەی دەگەڕێندرێتەوە، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون وەک خۆی دەگەڕێنیتەوە، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی حەنابڵە، هەندێکی تریش دەڵێن بەپێی بەهاکەی بۆی دەگەڕێنیتەوە.