سەردێری پرسیار:بۆچی عەرەق حەڕامە؟ من کەمێک دەخۆمەوە سەرخۆش نابم بۆچی حەڕامە؟

بەرواری دانان :2023-10-27 کۆدی پرسیار:3152

پرسیار:

پرسیار: بۆچی عەرەق حەڕامە؟ من کەمێک دەخۆمەوە سەرخۆش نابم بۆچی حەڕامە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ ئایینی ئیسلام هاتووە بۆ بەدەست هێنانی مەسلەحەت و لادانی زیان بەسەر مرۆڤەکانەوە، هەر شتێک سوودی زیاتر بێ لە زیانی حەڵاڵ کراوە و هەر شتێکیش زیانی زیاتر بێت لە سوودی حەڕام کراوە، عەرەق لەو شتانەیە کە زیانی زیاترە لە سوودی بۆیە حەڕام کراوە، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (يَسْأَلونَكَ عَنِ الْخَمْرِ وَالْمَيْسِرِ قُلْ فِيهِمَا إِثْمٌ كَبِيرٌ وَمَنَافِعُ لِلنَّاسِ وَإِثْمُهُمَا أَكْبَرُ مِنْ نَفْعِهِمَا) [البقرة:٢١٩].

٢ـ ئایینی ئیسلام هاتووە بۆ پاراستنی عەقڵ و کەسایەتی مرۆڤ، بۆیە عەرەق حەرام کراوە تا کەسایەتی کەسەکە پارێزراوە بێت.

٣ـ عەرەق دایکی شتە پیسەکانە، زۆرجار مرۆڤ تووشی فاحیشە و زینا دەکات، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (الخمر أم الخبائث). حديث حسن ذكره الألباني في السلسلة الصحيحة (١٨٥٤)، هەروەها دەفەرمووێت: (عەرەق دایکی فاحیشەکانە و لە تاوانە هەر گەورەکانە، هەر کەسێک بیخواتەوە تووشی ئەوە دەبێت بچێتە لای دایکی و خالەتێ و خوشکی باوکی). حديث حسن بشواهده قاله الألباني في السلسلة الصحيحة (١٨٥٣).

هەروەها واقعیشمان بینیوە کە چەندین کەس دوای عەرەق خواردنەوە تووشی فاحیشە بوونە، بەڵکو لەوە زیاتر تووشی کەس کوشتنیش یان خۆ کوشتن بووە، بەریتانیا خۆی دەڵێت: ئەوانەی تووشی دەست درێژی سێکسی بوونەتەوە لەگەڵ مەحرەمەکان وەک دایک و خوشک و کچی لەبەر کاریگەری عەرق بووە.

٤ـ عەرەق چەندین زیانی هەیە لەڕووی پزیشکی یەوە کە لای دکتۆرەکان بەناوبانگە.

٥ـ عەرەق مرۆڤ بێ ئاگا دەکات لە عیبادەتی خوای گەورە، کە ڕۆژانە دەبێت نوێژەکانی ئەنجام بدات.

سەبارەت بەوەی من کەمێک عەرەق دەخۆمەوە و سەرخۆش نابم دەڵێین:

یەکەم: ئایینی ئیسلام زۆر و کەمی عەرەقی حەڕام کردووە بۆ ئەوەی موسڵمان تووشی خراپە نەبێت و زیانی بەرنەکەوێت، کەم کەس هەیە بە کەمی عەرەق ڕازی بێت ئیلا ڕۆژێک دێت زۆر دەخواتەوە یان ئەوەندە دەخواتەوە سەرخۆش بێت.

دووەم: خواردنەوەی عەرەق زۆر بێت یان کەم زیانی بۆ لاشەی مرۆڤ هەیە، شەرع لەگەڵ ئەوە نییە خۆشییەکی کەمی کاتی پێش زیانێگی گەورە بخەیت، کە خواردنەوەکە زیانی گەورەترە.

سێیەم: شەیتان هەنگاو بە هەنگاو بۆ مرۆڤ دێتە پێش، لە شتی کەم و بچووکەوە دەست پێ دەکات بۆ شتی زۆر  و گەورە تا کەسەکە بە هیلاک دەبات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام