پرسیار: نەهی کراوە لە تەداوی کردن بە حەڕامەکان، لەبەر ئەوەی پیسن و چارەسەر نین، بۆچی دروستە تەداوی بە حەریر بکرێت؟
وەڵام: عَنْ أَنَسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) رَخَّصَ لِعَبْدِ الرَّحْمٰنِ بنِ عَوْفٍ وَالزُّبَيْرِ فِي قَمِيصِ الْحَرِيرِ فِي سَفَرٍ مِنْ حِكَّةٍ كَانَتْ بِهِمَا. فقد أخرجە البخاري (٢٩١٩)، (٥٨٣٩)، ومسلم (٢٠٧٦).
واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەر (ﷺ) روخسەتی دا بە عبد الرحمن بن عوف و الزبیر بۆ قەمیسی حەریر لە سەفەرێک هەردووکیان لاشەیان دەخورا لەبەر نەخۆشیەکی پێست.
فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە حەریر لەبەر بکەیت بۆ تەداوی، چونکە ئەو ڕوخسەتەی بە هاوەڵان دراوە بۆ ئێمەشە مەگەر بەڵگە هاتبێت تایبەتی کردبێت پێی، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، هەروەها ئەم روخسەتە تایبەت نییە بە سەفەر، هەروەها ئەم روخستە تایبەت نییە بە خورانی لاشە، بۆ هەر نەخۆشی یەکی تر سوودی هەبێت دروستە بەکاری بێنیت، ڕێگەدان بە حەریر بۆ تەداوی دەچێتە ژێر ئەم قاعدەیە: (الضرورات تبیح المحظورات)، ئەگەر بوترێ: نەهی کراوە لە تەداوی کردن بە حەڕامەکان، لەبەر ئەوەی پیسن و چارەسەر نین؟
وەڵام لە دوو ڕووەوەیە:
یەکەم: پێغەمبەری خوا (ﷺ) حەریری حەرام نەکراوە لەبەر ئەوەی خودی حەریرەکە پیسە، بەڵکو حەریر لە باشترین جل و بەرگەکانە، هەر بۆیەش بۆ ئافرەت حەڵاڵە و دروستە بەکاری بێنێت و سوودی لێ وەربگرێت. (فتح الباري) لابن حجر (١٠/٢٩١).
دووەم: مەبەست لە نەهی کردن لە تەداوی کردن بە حەڕامەکان ئەوەیە کە داخلی بۆشایی دەبێت (واتە: ناو گەدە)، سەبارەت بە شتی ڕووکەش وەک جل و بەرگ داخلی نەهی نابێت، کە ئەمە وتەی ابن تیمیەیە. (الفتاوی) (٢١/٨٢).