پرسیار: کەسێک دەولەمەندە و جل و بەرگی کۆنە یان وەک کەسانی ئاسایی جل و بەرگ لەبەر دەکات، ئایا تاوانبار دەبێت؟
وەڵام: عَنْ عِمْرَانَ بنِ حُصَيْنٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) قَالَ: (إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ إِذَا أَنْعَمَ عَلَى عَبْدِهِ نِعْمَةً، أَنْ يَرَى أَثَرَ نِعْمَتِهِ عَلَيْهِ). أخرجە أحمد (٣٣/١٥٩)، والبیهقي (٣/٢٧١).
واتە: لە عمران بن حصین دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: (خوای گەورە پێی خۆشە ئەگەر نیعمەتی لەگەڵ بەندەیەکی خۆی کرد، پێی خۆشە ئاسەواری نیعمەتەکەی بەسەریەوە ببینێت).
١ـ فەرموودەکە بەڵگەیە سوننەتە ئاسەواری نیعمەتی جل و بەرگ بەدیار بخەیت ئەگەر خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ تۆی کرد، بەدیارخستنی ئاسەواری نیعمەتی خوا شوکری خوای گەورە کردنە لەسەر نیعمەتەکە، بۆیە خوای گەورە پێی خۆشە، نەک مرۆڤ خۆی بچووێنێت بە هەژارەکان، چونکە زمانی حاڵ وەک زمانی وتەیە، ئەم بەدیارخستنی نیعمەتە مقید کراوە بە دوو مەرج:
یەکەم: نەگاتە سنوری ئیسراف کردن.
دووەم: نییەتی فەخر و خۆ بەگەورە دانان و شکاندنی دڵی هەژارەکان و بەکەم دانانی هەژارەکانی نەبێت.
٢ـ فەرموودەکە بەڵگەیە مرۆڤ ئەگەر مالی هەبێت سوننەتە ئاسەواری نیعمەت بەدیار بخات، ئەگەر مالی نەبوو نابێت قەرز بکات و جل و بەرگی نوێ لەبەر بکات بۆ ئەوەی ئاسەواری نیعمەت بەدیار بخات، چونکە ئەمە حەقیقەت نییە، ئەمە نزیکە لە درۆ (الزور).
٣ـ فەرموودەکە بەڵگەیە سوننەتە ئاسەواری نیعمەتی جل و بەرگ بەدیار بخەیت ئەگەر خوای گەورە نیعمەتی لەگەڵ تۆی کرد، بەڵام لەگەڵ ئەمەش جار جار جل و بەرگی تەواضع لەبەرکردن لە ئیمانە نەک بەردەوام، ئەگەر هەندێک جار واز لە جل و بەرگی جوان بێنێت ئەمە لە ئیمانە، ئەمە لە تواضع و شکاندنی نەفس لە خۆ بەگەورە دانان و بەرز بینینە، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (إن البذاذة من الإیمان، إن البذاذة من الإیمان). أخرجە أبو داود (٤١٦١)، وابن ماجە (٤١١٨)، وفي سندە اختلاف، وقد صححە الحافظ في (فتح الباري) (١٠/٣٦٨)، وتکلم علیە الألباني في (الصحیحة) رقم (٣٤١).