پرسیار: ئایا شەهید نوێژی لەسەر دەکرێت؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون شەهید نوێژی لەسەر ناکرێت، وتەی مالک و شافعی و ئەحمەد و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە:
- لە جابر دەگێرنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوو پیاوی پێکەوە کفن کرد لە کوژراوەکانی ئوحد، پاشان دەیفەرموو: (کێ قورئانی زیاتری لەبەرە)، ئەوەی قورئانی زیاتر لەبەرە پێش دەخست بۆ ناوگۆڕ و نەیان دەشۆرد و نوێژیان لەسەر نەدەکرد. أخرجە البخاري (١٣٤٣).
- نوێژ کردن لەسەر مردوو بۆ ئەوەیە تا شەفاعەت بۆ تاوانبار بکرێت و خوای گەورە لێی خۆش بێت، ئەمەیان چۆتە بەر ڕەحمەتی خوای گەورە و لێی خۆش بووە، بەرزکراوەتەوە لەوەی نوێژی لەسەر بکرێت و وەک مردووی تر نییە. (البيان والتحصيل) لابن رشد الجد (2/299).
- نەشۆردنی شەهید ئاماژەیە بۆ ئەوە نوێژیشی لەسەر ناکرێت، چونکە مردوو ئەگەر مرد مەرجە بشۆردرێت دواتر نوێژی لەسەر بکرێت، نوێژ لەسەر شەهید ناکرێت بێ شۆردن. (المجموع) للنووي (٥/٢٦٦).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نوێژی لەسەر دەکرێت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەدە، بەڵگە:
- عقبة بن عامر خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕۆژێک دەرچوو نوێژی لەسەر ئەهلی ئوحد کرد). أخرجە البخاري (١٣٤٤)، ومسلم (٢٢٩٦).
- پێغەمبەری خوا (ﷺ) نوێژی لەسەر کوژراوەکانی ئوحدی کرد دوای هەشت ساڵ وەک ماڵئاوایی لە زیندوو و مردووەکان. رواە البخاري (٤٠٤٢).
ابن قدامة ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نوێژ لەسەر شەهید کردن سوننەتە، کە وتەی ئەحمەد ئاماژەیە بۆ ئەمە). (المغني) لابن قدامة (٣/٤٦٧).
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەمە نوێژی مالئاوایی بووە نەک نوێژی جەنازە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئیمام سەرپشکە لەوەی نوێژ بکات لەسەر شەهید یان تەرکی بکات، لەبەر ئەوەی بۆ هەردوو لا بەڵگە و ئاثار هاتوون، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمیة و ابن قیم و هەندێک شافعی و هەندێک حەنابلەیە.
سەبارەت بە شەهیدی جگە لە مەیدانی جیهاد نوێژی لەسەر دەکرێت، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن. (المغني) (2/399)، (المجموع) (5/264).