سەردێری پرسیار:دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەم فەرموودەیە بدەن: (من صلی علی جنازة في المسجد فلا شيء له)؟

بەرواری دانان :2023-11-12 کۆدی پرسیار:3169

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەم فەرموودەیە بدەن: (من صلی علی جنازة في المسجد فلا شيء له)؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عن أبي هریرة قال: قال رسول اللە (ﷺ): (من صلی علی جنازة في المسجد فلا شيء له). رواە ابو داود (۳۱۹۱)، وابن ماجە (١٥١٧).

واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی؛ پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک نوێژ بکات لەسەر مردوو لەناو مزگەوت هیچ پاداشت بۆی نییە). هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نوێژی جەنازە لەناو مزگەوتدا ناکرێت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و مالکە، بەڵام زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە نوێژ لەسەر مردوو بکەیت لەناو مزگەوتدا، کە ئەمە وتەی شافعی و ئەحمەد و چەند زانای ترە، بەلگە:

- عائشە خوا لێی ڕازی بێت کاتێک سعد کوڕی ابی وەقاس دەمرێت دەفەرمووێت: (جەنازەکەی بیننە ناو مزگەوت تا نوێژی لەسەر بکەم)، ئەوان ئینکاریان لێکرد بۆ جەنازە هێنانە ناو مزگەوت بۆ نوێژ لەسەر کردن، عائشە فەرمووی: سوێند بە خوا پێغەمبەر (ﷺ) نوێژی کردووە لەسەر هەردوو منالی بیضاء لەناو مزگەوت (کە هەردوو منالەکانی ناویان سهل و سهیل بوون) رواە مسلم (۹۷۳) .

- عمر نوێژی لەسەر ئەبوبکر کردووە لە ناو مزگەوتدا، هەروەها صیهب نویژی کردووە لەسەر عمر لە ناو مزگەوت.

سەبارەت بە فەرموودەی أبو هریرة دەلێن:

١- فەرموودەکە لاوازە لە سەنەد.

٢- هەروەها جیاوازی هەیە لە ریوایەتەکان، نسخەی بەناوبانگی سنن أبو داود دەفەرمووێت: (فلا شئ علیە) واتە: هەر کەسێک نوێژی جەنازە لەناو مزگەوتدا بکات هیچی لەسەر نییە تاوانبار نابێت، روایەتی ابن ماجە و احمد دەفەرمووێت: (فلا شيء لە) هیچی بۆی نییە لە پاداشت، کەواتە هەردوو ڕوایەت دژی یەکترن، دەبێت یەکێکیان ڕاست بێت.

٣- هەندێک زانا دەلێن: (فلا شئ علیە)، واتە: هیچ تاوان لەسەر نوێژخوێن نییە، (فلا شيء لە)، واتە: هیچ خێرێکی زیاتر بۆ نوێژخوێن لەسەر مردوو نییە لەناو مزگەوت، بەلکو مزگەوت و بێجگە لە مزگەوت وەک یەک وان بۆ پاداشتی نوێژ، کەواتە بەم شێوەیە تەفسیرکردن کێشە دروست نابێت لە نێوان هەردوو ڕوایەتەکان.

٤- ئەگەر فەرموودەکە ڕاست بێت هەندێک دەڵێن لەوانەیە مەبەست پێی کەمی پاداشت بێت، چونکە ئەوانەی لە مزگەت نوێژ دەکەن لەسەر جەنازە زۆرجار هەیە دەڕواتە ماڵەوە وشوێن جنازە ناکەوێت و پاداشتی تەواوی بۆ نانوسرێت.

٥- هەندێک زانای تر دەڵێن ڕوایەتی: (فلا شيء لە)، پێچەوانەی فەرموودەی عائشەیە کە رواە مسلمە، فەرموودەی مسلم ڕاستترە.

٦- لەوانەیە مەبەستی فەرموودەکە ئەوە بێت پاداشتی کاملی بۆی نییە، چونکە روایەت هاتووە دەفەرمووێت: (فلا شيء علیە)، واتە: هیچ تاوانی لەسەر نییە، کەواتە مانای ئەم روایەتە: (فلا شئ لە)، لا شيء للمصلي من زیادة الفضل في أداء صلاة الجنازة في المسجد.

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (پێغەمبەر (ﷺ) سونەتی وا نەبوو لە مزگەوت نوێژی جنازە بکات، بەلکو نوێژی جنازەی دەکرد لە دەرەوەی مزگەوت، هەندێک جاریش نوێژی جنازەی دەکرد لە ناو مزگەوت). زاد المیعاد (١/٥٠٠).

هەروەها ئینکاری کردنی هاوەلان لە عائشە لەبەر ئەوە بووە چونکە بەردەوام نوێژی جەنازە کردن لە ناو مزگەوت لایان زانراو نەبووە و باش نەبووە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام