پرسیار // ئایا شەش ڕۆژووی مانگی شەوال لەسەر یەک بگریت باشترە یان دووشەم و پێنج شەم ؟
وەلام // سەرەتا زۆربەی زانایان دەلێن شەش ڕۆژووی شەوال سونەتە ئیلا ئیمام مالک نەبێت دەلێت باش نییە بە ڕۆژوو ببیت .
ابن عبدالبر دەلێت ئیمام مالک فەرموودەی پێ نەگەیشتووە کەچی فەرموودەکە مەدەنیشە ، دەلێن لەبەر ئەوە پێی باش نەبووە نەوەک بۆ ڕەمەزان زیاد بکرێت کەچی لە ڕەمەزانیش نییە ، گومانی تێدا نییە فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە و وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە .
عن أبي أيوب رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال : ( من صام رمضان ثم أتبعه ستاً من شوال فذاك صيام الدهر ) رواه أحمد(5/417) ومسلم (2/822) وأبو داود (2433) والترمذي (1164) .
واتە : ھەر کەسێک ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت ، پاشان شەش ڕۆژووی شەوال بگرێت وەک ئەوە وایە ساڵ ھەمووی بەڕۆژوو بووە .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ھیچ جیاوازی نییە لە نێوان ئەوەی کە ڕۆژووەکان شەوال لەسەر یەک بگریت یان بە جیا .
ئەگەر بوترێت : کامەیان باشترە دەست پێشخەری بکەیت یان بلێیت : بەرفراوانی تێدایە و دوای بخەیت بۆ کۆتای مانگ ؟
وەلام / گومانی تێدا نییە باشتر وایە دەست پێشخەری بکەیت ، لەبەر چەند ڕووێکەوە :
(١) پێشبڕکێ کردنە بۆ چاکەکان .
(٢) مرۆڤ نازانێت چ ڕێگرێک دێتە پێشی ، جار ھەیە لە کۆتایی مانگ شتێک دێتە پێشی ڕێگری لێی دەکات بەڕۆژوو ببێت .
(٣) ئێمە تاقیمان کردۆتەوە مرۆڤ ئەگەر تەمبەڵی بکات ، وە دەلێت : إن شاء الله سبەی یان دوای سبەی دەکەم ، بەردەوام دەبێت لەسەری کەمتەرخەمی دەکات و کات دەڕوات ھەتا مانگ کۆتایی دێت .
(٤) ئەمەیان گورج ترە بۆ بەڕۆژوو بوون ، ..... )) شرح بلوغ المرام ج٧ لاپەڕە ٣٧٧
ھەروەھا دەفەرمووێت : (( ھەر کەسێک ڕۆژی عەڕەفە بەڕۆژوو بێت یان ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو بێت وە ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بێت ئەوە ڕۆژووی دروستە ، بەلام ئەگەر ئەو ڕۆژە بەڕۆژوو بێت بە مەبەستی ڕۆژوو گرتنەوەی ڕەمەزانیش دوو پاداشتی بۆی ھەیە ، پاداشتی ڕۆژووی عەڕەفە و عاشورا لەگەڵ ڕۆژووی ڕەمەزان ، ئەمەیان باسی ڕۆژووی سونەت کە پەیوەست نەبێت بە ڕۆژووی ڕەمەزان ، بەلام ڕۆژووی شەوال پەیوەستە بە مانگی ڕەمەزان نابێت ئیلا دوای ڕۆژووی ڕەمەزان نەبێت ، ئەگەر بەڕۆژوو بێت پێش ئەوەی ڕەمەزان بگرێت ئەوە پاداشت بەدەست ناھێنێت ، لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( من صام رمضان ثم أتبعه بست من شوال فكأنما صام الدهر )) ھەر کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بێت لەوانە نییە کە ڕەمەزانی تەواو کردووە . )) "فتاوى الصيام" (438)
کەواتە ھەندێک زانا دەلێن باشتر وایە شەش ڕۆژووی شەوال لە دوو شەم و پێج شەم بگریت بۆ ئەوەی دوو پاداشت بە دەست بھێنی .
پوختەی وەلامی زانــــــــــایـــــــــان :
(١) شەش ڕۆژووی شەوال سونەتە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان کە ئەمە وتەی ڕاستە .
(٢) دروستە شەش ڕۆژووەکەی شەوال لەسەر یەک بگریت وە دروستە بە جیاش بگریت دوای ڕۆژی جەژن (ڕۆژی یەکەم ) .
(٣) باشتر وایە لەسەر یەک بگریت و دەست پێشخەری بکەیت نەک دوای بخەیت پاشان ڕێگرێک بێتە پێشت یان تووشی تەمبەلی ببیت .
(٤) ھەندێک دەلێن باشتر وایە دووشەم و پێنج شەم بەڕۆژوو بێت ، بۆ ئەوەی دوو پاداشت بە دەست بھێنێت .
(٥) نابێت ڕۆژووی ڕەمەزان بگریتەوەو وە مەبەستی ڕۆژووی شەوالیشت ھەبێت ، چونکە ڕۆژووی شەوال پەیوەستە بە مانگی ڕەمەزان دەبێت ڕەمەزان تەواو بکەیت .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ