پرسیار: لە کاتی نوێژا لە تەحیاتا هەتا سەلام دانەوە ئەبێت پەنجەت ڕێک بێ و نەجوڵێت یان ئەبێ لە کاتی شایەتومان تۆزێ بیجوڵێنی؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە پەنجە جوولاندن سێ وتە هەیە:
یەكەم: هەندێك زانا بۆ ئەوە چوون نابێت پەنجە بجولێنیت، كە ئەمە وتەی حنابلە و شافعی و حەنەفی و هەندێک مالكی و ابن رشد و ابن العربی و ابن حزمە،
دووەم: هەندێك زانای تر بۆ ئەوە چوون سوننەتە پەنجە بجولێنیت، كە ئەمە ووتەی هەندێک لە شافعی و هەندێک حنابلە و مالكی و ابن باز و ابن عثیمین و ئەلبانی یە.
سێیەم: هەندێك زانا بۆ ئەوە چوون هەردووكیان دروستە، واتە دەتوانی بجولێنی و دەتوانی نەجولێنی، کە ئەمە وتەی قرطبی و صنعانی یە.
هۆكاری جیاوازییەكە ئەوەیە ئایا ئەو فەرموودەی هاتووە کە باسی جولاندنی پەنجە دەكات صحیحن یان ضعیفن.
فەرموودەی وائل بن حجر دەفەرمووێت: (ثم رفع إصبعه فرٲيته يحركها يدعو بها). اخرجە ابو داود (۷۱۳)، واتە: پاشان پەنجەی خۆی بەرز كردەوە بینیم دەی جوولاند دوعای پێ دەکرد.
حەنفی یەكان دەلێن: (پەنجە بەرز دەکرێتەوە لە كاتی گەیشتن بە نەفی و شایەتوومان هێنان، واتە كاتێك دەلێت: (لا ....) وە پەنجە دادەنێیت لە كاتی اثبات.
شافعیەكان دەلێن: (بەرز دەكەیت كاتێك دەلێی (الا الله).
مالكیەكان دەلێن: (جوولەی پێ دەكەیت بۆ ڕاست و چەپ تا نوێژ تەواو بێت).
حنابلە دەلێن: (ئاماژە بۆ پەنجە دەكەیت تا دەگەیە ناوی الله نایجولێنی).
شێخ ئەلبانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم دیاركردنە و چۆنیەتی یە هیچ ئەسل و ئەساسێكی بۆی نییە لە سوننەت، نزیكترن وتە وتەی حەنابلەیە ئەگەر جوولاندنی پەنجەیان پەیوەست نەكردبا بە ناوی خوا). تمام المنة لاپەڕە (٢٢٣).
وتەی راست بابەتەكە بەرفراوانی تێدایە دەتوانی تەنها پەنجە بەرز بكەی بێ ئەوەی جوولەی پێ بکە، دەتوانی جولەشی پێ بكەی، دەتوانی سەرەتای تەحیات تا کۆتایی بجوولێنی، ئەوەی گرینگ بێت موسلمان ڕەچاوی بکات برایەتی بپارێزن لەسەر بابەتێک كە سوننەتە و واجب نییە ، بابەتە بەرفراوانی تێدایە، والله اعلم.