سەردێری پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (لا تَسُبُّوا الأَمْوَاتَ فَإِنَّهُمْ قَدْ أَفْضَوْا إِلَى مَا قَدَّمُوا)؟

بەرواری دانان :2023-11-27 کۆدی پرسیار:3197

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (لا تَسُبُّوا الأَمْوَاتَ فَإِنَّهُمْ قَدْ أَفْضَوْا إِلَى مَا قَدَّمُوا)؟

دەقی وەڵام:

وەلام:َعَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (لا تَسُبُّوا الأَمْوَاتَ فَإِنَّهُمْ قَدْ أَفْضَوْا إِلَى مَا قَدَّمُوا) رواه البخاري (١٣٩٣).

واتە: لە عائشة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (جنێو و قسە بە مردووەکان مەدەن، لەبەر ئەوەی ئەوان ڕووبەڕووی کردەوەی خۆیان و ئەوەی پێشووتر بوونەتەوە).

ڕیوایەت هاتووە فەرموودەی موغیرە دەفەرمووێت: (جنێو بە مردووەکان مەدەن، زیندووە نزیکەکان هەست بە ئازار دەکەن (کاتێک قسە بە مردووەکەیان دەڵێن)). رواە الترمذي (١٩٨٢).

(لا تسبوا الأموات): (السب): باسکردنی عەیبی کەسێکە ئەگەر ڕووبەڕوو بێت، ئەگەر کەسەکە ئامادە نەبێت دەبێتە غەیبەت، ئەگەر درۆ بێت ئەوە دەبێتە بوختان، باسی عەیبی مردوو کردن غەیبەتیش لەخۆ دەگرێت، چونکە لالی تۆ نییە تا بڵێیت تەنها (سب)ە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (٥/٦٥٧). (الأموات): (ال) دەلالەی لەسەر عموم دەکات، هەموو مردووێک دەگرێتەوە موسڵمان و کافر.

سوودەکانی فەرموودەکە:

١- فەرموودەکە بەڵگەیە حەڕامە جنێو بە مردوو بدەیت و قسەی پێ بڵێیت، لەبەر نەهی کردن: (لا تسبوا)، ئەسل لە نەهی کردن بۆ حەڕام بوونە، جا مردووەکە کافر بێت یان موسڵمان بێت دروست نییە جنێوی پێ بدەیت، لەبەر ئەوەی (ال) للاستغراق، بۆ قوول بوونەوەیە.

هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون مردووی کافر دروستە باسی خراپەکانی مردووی کافر بکەیت و قسەی پێ بڵێیت، بە مەرجێک نزیکەکانی ئەگەر موسڵمان بن هەست بە ئازار نەکەن پێی، ئەگەر کەس هەست بە ئازار نەکات و مردووە کافرەکەش لەوانە بێت کە موسڵمانانی ئەزیەت داوە ئەوە هیچ ڕێگر نییە لە قسە پێ وتن.

سەبارەت بە موسڵمان بەهیچ شێوەیەک دروست نییە باسی بکەیت لەبەر ئەوە حورمەتی هەیە، ئەمە دەچێتە بابەتی غەیبەت، مەگەر کەسێک فاسق بێت و باسکردنی سوودی تێدا بێت، ئەو کات دروستە باسی خراپەکانی بکرێت بۆ ئەوەی خەڵک لێی ئاگادار بکرێتەوە.

هەروەها هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر جرح لە ڕیوایەتی فەرموودە، چونکە سوودی تێدایە بۆ پاراستنی سوننەت، ئەگەر سوودی تێدا نەبێت ئەوە دروست نییە باسی بکرێت.

٢- فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ حیکمەتی نەهی کردن لە جنێودان بە مردووەکان، لەوانە:

یەکەم: ئەوان گەیشتوون بەوەی ئەنجامیان داوە لە خێر و شەڕ، جنێو و قسە پێ وستن هیچ سوودی نییە، پێچەوانەی ئەمە کەسی زیندوو ئەگەر قسەی پێ بڵێیت ئەگەری سوود و گەڕانەوەی هەیە.

دووەم: جنێو دان بە مردووەکان سەردەکێشێت بۆ ئازاردانی نزیکەکانی، ئەگەر کەسی نزیکیشی نەبێت نابێت جنێو پێ بدەیت یان قسەی پێ بڵێیت، لەبەر حیکمەتی یەکەم.

سێیەم: قسە وتن بە مردوو و جنێو پێدان دەچێتە ژێر غەیبەت کردنی، کە چەندین بەڵگە هاتوون لەسەر حەرام بوونی غەیبەت. (شرح ابن بطال علی صحیح البخاري) (٣/٣٥٤).

٣- فەرموودە هاتووە ئەنەس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: بەلای جەنازەیەکدا تێپەڕین و مەدحیان کرد، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (وجبت)، پاشان بەلای جەنازیەکی تردا ڕەت بوون بە خراپە باسیان کرد، فەرمووی: (وجبت)، عومەر فەرمووی: چی واجب بوو؟ فەرمووی: (ئەمەیان ئێوە مەدحتان کرد بە خێر بەهەشت بۆی واجب بوو، ئەوەی تر ئێوە بە خراپە باستان کرد ئاگر بۆ واجب بوو، ئێوە شایەتی خوای گەورەن لە زەویدا). (صحیح البخاري) (١٣٦٧).

ئەمە بەڵگەیە دروستە باسی کەسێک بکەیت بە خێر یان شەڕ ئەگەر پێویست بکات پێش شاردنەوە، ئەمەیان داخلی غیبەت نابێت، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئینکاری هاوەڵانی نەکرد، لەوانەیە ئەوەی خراپ بووە بەناوبانگ بووبێت بە شەڕ و خراپە و بە ئاشکرا تاوانی ئەنجام دابێت، ترسی ئەوەیان هەبووبێت کەسانێک شوێنی بکەون، لەم حاڵەتە دەچێتە ژێر بابەتی خۆپاراستن، کە ئەمە وتەی بەیهەقی و ئیمام النووي و قرطبي و ابن حجر و ابن بازە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام