پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنَ الْبَرَصِ، وَالْجُنُونِ، وَالْجُذَامِ، وَمِنْ سَيِّئِ الأَسْقَامِ)؟
وەڵام: عن أنس رضي الله عنه أن رسول الله (ﷺ) كان يقول: (اللَّهمَّ إنِّي أعوذُ بِكَ منَ البرصِ والجنونِ والجذامِ ومن سيِّئِ الأسقامِ). أخرجه أبو داود (١٥٥٤)، وأحمد (١٣٠٢٧) واللفظ لهما، والنسائي (٥٤٩٣).
واتە: لە ئەنەس دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەردەوام ئەو دوعایەی دەخوێند: (ئەی خوایە من پەنات پێ دەگرم لە بەلەکی و شێتی و جذام (جۆرێکی نەخۆشی لاشەی مرۆڤ دەخوات)، پەنات پێ دەگرم لەو نەخۆشیەی کە ئاسەواری خراپی لەسەر نەخۆش و دەوروبەر هەیە).
سوودەکانی فەرموودەکە:
١ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ فەزلی ئەم دوعایە، لەبەر ئەوەی (کان) دەلالەت لەسەر بەردەوام بوون دەکات یان زۆربەی جار.
٢ـ فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ گرینگی دان بە سەلامەت بوونی لاشە و عەقڵ، بە سەلامەت بوونی لاشە و عەقڵ بەردەوام دەبیت لەسەر عیبادەت، تەمەن درێژی و لەش ساغی لەناو ئیسلامدا خێری زیاترە.
٣ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە پەناگرتن بە بەلەکی دەستی پێکردووە لەبەر ترسناکیەکەی، چونکە:
ـ شێوەی کەسەکە دەگۆڕدرێت.
ـ خەڵک لێی دوور دەکەوێتەوە.
ـ کەسەکە هەست بە خەم و پەژارە دەکات.
٤ـ پێغەمبەری خوا (ﷺ) پەنای بە هەموو جۆرە نەخۆشی یەکی نەگرتووە، چونکە نەخۆشی هەیە خەفیفە و دەبێتە کەفارەتی تاوان، بەڵکو تەنها پەنای بەو نەخۆشیانەی گرتووە کە زۆربەی جار مرۆڤ تووشی ناڕەزایی و تاوان دەبێت.
٥ـ داوای سەلامەتی کردن لە تووش بوون بە موسیبەت باشترە لەوەی داوای موسیبەت بکەیت، چونکە تۆ نازانیت ئارام دەگریت یان نە.
٦ـ مرۆڤ دەبێت تەنها داوا لەخوا بکات و پشت بەخوا ببەستێت.