سەردێری پرسیار:پرسیار: دروستە پیاو کچی خێزانی خۆی مارە بکات لە پیاوێکی ترە دوای مردنی دایکی کچەکە؟

بەرواری دانان :2023-12-08 کۆدی پرسیار:3217

پرسیار:

پرسیار: دروستە پیاو کچی خێزانی خۆی مارە بکات لە پیاوێکی ترە دوای مردنی دایکی کچەکە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن فروعی هاوسەری پیاو حەڕامن لەسەر پیاو، کە کچەکان و کچی مناڵەکانی دەگرێتەوە بەرەو خوارەوە، پێی دەڵێن (ربیبة)یە، کچی ئەو ئافرەتەیە لەلای ئێوە دەژیت لە پیاوێکی ترە، لەبەر وتەی: ﴿وَرَبَائِبُكُمُ اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ مِنْ نِسَائِكُمُ اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ﴾.

هەروەها کچەکە لە کۆشدا گەورە کرابێت یان نە، هەر حەڕام دەبێت ئەگەر بە عەقدێکی دروست دایکی مارە کرا و پیاوەکەش چووە لای، ئەم وەسفەی کۆش بۆ ڕوونکردنەوەی واقعە، پێچەوانەی وتەی ظاهریەکان ئەم کچە حەڕام نابێت مەگەر لە کۆشی پیاوەکە گەورە کرابێت.

﴿وَرَبَائِبُكُمُ اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ مِنْ نِسَائِكُمُ اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ﴾: (الربائب): کۆی (ربیبة)یە، کچی ئەو ئافرەتەیە لەلای ئێوە دەژیت لە پیاوێکی ترە، کچی ئەو ئافرەتە بەرەو خوارەوە هەموویان دەگرێتەوە.

﴿فِي حُجُورِكُمْ﴾: (الحجور): کۆی (الحجر)، واتە: کۆش، وتراوە: مەبەست پێی خانووە، ئەم وەسفە مەرج نییە بۆ حەڕام بوونی (ربیبة)، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی واقعە، مفهومەکەی وەرناگیرێت.

عبدالرحمن بن ناصر السعدي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (زۆربەی زانایان سەبارەت بە وتەی: ﴿اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ﴾، دەڵێن: ئەمە باسی زۆربەی جارە کە لە کۆشدا گەورە دەکرێت، مفهومی لێ وەرناگیرێت، ئەگەرنا ئەو کچە حەڕام دەبێت ئەگەر لە کۆشیش پەروەردە نەکرابێت، بەڵام (مقید) کردن بەمە دوو سوودی هەیە:

یەکەم: ئاگادارکردنەوە لە حیکمەتی حەڕام کردنی (ربیبة)، ئەو وەک کچی مرۆڤ وایە، زۆر ناشیرینە بۆ ڕێگەپێدانی.

دووەم: بەڵگەیە بۆ دروستی خەلوەت لەگەڵ (ربیبة)، دروستە بە تەنیا لەگەڵی بمێنیتەوە وەک کچی مرۆڤ وایە).

﴿اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ﴾: چوونە لای مەبەست پێی جووت بوونە لەگەڵی لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، وتراوە مەبەست پێی خەلوەت و خۆشی پێ بردنە جگە لە جووت بوون، بەڵام وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە.

کەواتە مەرج بۆ حەڕامی (ربیبة):

یەکەم: دەبێت دایکی مارە بکرێت بە عەقدێکی دروست، لەبەر وتەی: ﴿مِنْ نِسَائِكُمُ﴾: أي: (من زوجاتکم)، واتە: لە خێزانەکانتان.

دووەم: دەبێت چووبێتە لای و جووت بوونی لەگەڵ کردبێت، لەبەر وتەی: ﴿اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ﴾.

ماناکەی ئەوە هەڵدەگرێت ئەگەر نەچووبێتە لای ئەوە (ربیبة) لەسەر حەڕام نابێت، هەروەک تەواوکەری ئایەتەکە بە ڕوونی دەفەرمووێت: ﴿فَإِنْ لَمْ تَكُونُوا دَخَلْتُمْ بِهِنَّ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ﴾.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام