سەردێری پرسیار: حوکمی ڕۆژوو گرتنی ئافرەت بێ پرسی ھاوسەری ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 322

پرسیار:

پرسیار // ئایا دروستە ئافرەت بەڕۆژوو بێت بێ ئەوەی ئیزن لە پیاوی وەربگرێت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ئیزن وەرگرتن بۆ بەڕۆژوو بوون دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم / ڕۆژووی واجبی مانگی ڕەمەزان ، ئەمەیان پێویست ناکات ئیزن وەربگرێت ئەگەر پیاوی ڕێگری لێ بکات تاوانبار دەبێت .

حالەتی دووەم / ڕۆژووی سونەت ، ئەمەیان دەبێت ئیزن لە مێردی وەربگرێت ، بەلگە :

عن أبي هُريرة رضي الله عنه أن رسول الله صَلَّى الله عليه وسلم قال : (( لايحل للمرأة أن تصوم وزوجها شاهد إلا بإذنه )) متفق عليه

واته : حەلال نییە بۆ ئافرەت بە ڕۆژوو بێت وە پیاوی ئامادە بێت ئیلا بە ئیزنی پیاوەکەی نەبێت .

ڕوایەتی ابوداود ھاتووە دەفەرمووێت : (( غیر رمضان )) واته : بێجگە لە ڕەمەزان .

ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( " بێجگە لە ڕەمەزان " مەبەست پێی ڕۆژووی سونەتە بەلکو ڕۆژووی سونەت و نەزریش دەگرێتەوە چونکە ھیچی دەرنەھێناوە ئیلا ڕەمەزان نەبێت ، ڕۆژووی ڕەمەزان ئافرەت بە ڕۆژوو دەبێت ئەگەر پیاویشی ئامادەبێت یان ئیزنی پێ نەدات ، چونکە ڕۆژووی ڕەمەزان واجبە لە لای خوای گەورەوە وە شکاندنی تاوانە نابێت گوێڕایەلی مخلوق بکەیت لە سەرپێچی کردنی خالق . .....

ئەگەر ورد ببینەوە لە فەرموودەکە : " غیر رمضان " دەلێین بۆی دروستە ھەتا نەھی لێی نەکراوە ئەو کات سێ پلەمان ھەیە :

یەکەم / ڕۆژووی سونەت بەڕۆژوو مەبە ھەتا ئیزن دەدات ، واتە نابێت بلێی من بە ڕۆژوو دەبم ئەگەر ڕێگریش لێم بکات ، ئەگەر نا بەردەوام دەبم لە ڕۆژوو ، دەلێین ئەسلەن نابێت بە ڕۆژوو بیت ئیلا بە ئیزنی .

دووەم / ڕۆژووی قەزا "گێڕانەوە" ئەگەر مانگی شەعبان کەم مابێت بە ئەندازەی ڕۆژوو گێڕانەوە لێرە ئافرەت بە ڕۆژوو دەبێت ئەگەر پیاوی ڕێگریش لێ بکات .

سێیەم / گێڕانەوەی ڕۆژوو ھێشتا کات زۆر ماوە و زۆر کاتت لە پێشە ، ئەمەیان بەڕۆژوو دەبێت ئەگەر ڕێگری نەکات ، بەلام پێویست ناکات ئیزن وەربگریت لێی چونکە ئەمە واجبە ڕووکەشی فەرموودەکە گشتییە ، بەلام جیاوازی نێوان ئەمە و واجبێک کات کەم مابێت ئەوەیە واجبێک کات کەمی مابێت ئەگەر ڕێگریش بکات بەڕۆژوو دەبێت .

جیاوازی نێوان واجب و سونەت ، ڕۆژووی سونەت ناگریت ئیلا بە ئیزنی پیاوی ، بەلام ڕۆژووی واجب بە ڕۆژوو دەبیت بێ ئیزنی ھەتا ڕێگری نەکردوویت ، دەلێت کات لە پێشت بەرفراوانە و ماوە ، ئەگەر ووتی : کات لە پێشت بەرفراوانە و ماوە ئەوە حەقی خۆیەتی ، لەبەر ئەوە عائشە بەڕۆژوو نەدەبوو ئیلا لە مانگی شەعبان نەبێت کە ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر مابوون لەبەر پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت . .......

ئەوەی بۆ من دیار بێت لەم فەرموودەیە ئافرەت ئەگەر بە ڕۆژوو بێت ڕۆژووی سونەت بێ ئیزنی پیاوی پاشان پیاوی ڕازی بێت ڕۆژووی دروستە . )) شرح بلوغ المرام ج٧ لاپەڕە ٤٠٦ ــ ٤١٦

لە الموسوعة الفقهية باس كراوه دەلێت : (( ئەگەر ئافرەت بەڕۆژوو بێت بێ ئیزنی پیاوی ئەوە ڕۆژووی دروستە وە تاوانباریشە .... )) الموسوعة الفقهية (٢٨/٩٩)

هەموو زانایان یەک دەنگن نابێت ئافرەت ڕۆژووی سونەت بگرێت بێ ئیزنی مێردی ، ئەگەر بەڕۆژوو بوو بێ ئیزنی میردی زۆربەی زانایان دەلێن ڕۆژووی دروستە و تاوانبارە .

زانایان دەلێن ئەگەر ھاوسەری ئامادە نەبێت دروستە بەڕۆژوو ببێت ، پێویست بە ئیزن ناکات چونکە فەرموودەکە دەفەرمووێت : " و زوجھا شاھد " واتە : مێردی ئامادە بێت ، لەبەر ئەوە دروست نییە بێ ئیزنی پیاو بە ڕۆژوو ببیت چونکە ھەستان بە مافی پیاو واجبە و ڕۆژوو گرتن سونەتە دەبێت واجب پێش سونەت بخرێت چونکە پیاو حەقی خوشی بردن لەگەل خێزانی ھەیە .

زانایان دەلێن ئیزن دان لە لایەن پیاوەوە مەرج نییە ڕوون و ئاشکرا بێت ، ئەگەر بەلگە ھەبێت کە ڕازییە دروستە چونکە بئیزنی عورفی وەک ووتە وایە .

ھەندێک زانا دەلێن ئەگەر کێشە ھەبوو لە نێوان ژن و پیاو ، پیاو ژنی پشت گوێ خستبێت و نەچێتە لای بۆ خۆشی و جماع ، ئەوا ئەو کاتە دەلێن دروستە ئیزن وەرنەگریت ، چونکە ئیزن وەرگرتن لەبەر ئەم حەقەیە .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام