پرسیار: ئەگەر نوێژی بەیانی بفەوتێت تاوانی لە زینا و مشروب خواردنەوە گەورەترە؟
وەڵام: نوێژی بەیانی فەوتان دوو حاڵەتە:
یەکەم: کەسێک هەوڵ دەدات بۆ نوێژی بەیانی، بەڵام بەئاگا ناهێت تا کاتی نوێژ دەڕوات، ئەمەیان هەرکاتێک هەستاوە نوێژی خۆی دەکات.
دووەم: کەسێك هەوڵ نادات بۆ نوێژی بەیانی و نوێژەکە ناکات تا کاتی دەڕوات و دوای کاتیش ناکات، ئەمەیان تاوانبارە و تووشی تاوانێکی گەورە بووە.
تەرک کردنی یەک نوێژ یان هەندێک نوێژ و زینا و مەی خواردنەوە هەموویان لە تاوانە گەورەکانن، هیچ فەرموودە نەهاتوون بەراوردی نێوان ئەم تاوانانەی کردبێت، تەنها ئەوە نەبێت دەڵێن:
١- هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەوەی یەک نوێژ بە ئەنقەست تەرک بکات کافرە، لەسەر ئەمە گومانی تێدانییە تاوانی گەورەترە لە زینا و مەی خواردنەوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، هەر کەسێک نوێژێک تەرک بکات کافر نابێت لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، بەڵکو ئەوەی هەندێک نوێژیش تەرک بکات و هەندێک بکات کافر نابێت لەسەر وتەی ڕاستی زانایان.
٢- هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون تەرککردنی نوێژ بە یەکجاری کوفرە، کەواتە تەرککردنی بە یەکجاری بە کوفر وەسف کردن بەڵگەیە ئەگەر یەک جار یان هەندێک جار تەرکی بکەیت تاوانی لە زینا و مەی خواردنەوە گەورەترە، چونکە زینا و مەی خواردنەوە کوفر نییە.
بەڵام ئەوەش هەیە ئەوەی مەی دەخواتەوە تاوانەکەی ئەوەیە نوێژی چل ڕۆژی قبول نابێت، واتە: پاداشتی نوێژی چل ڕۆژی بەرامبەر تاوانی مەی خواردنەوەیە و لەگەڵ یەکتر دەڕۆن، نوێژە واجبەکەش دەبێت ئەنجام بدات تا لەسەری لاچێت، نابێت تەرکی بکات.