پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر پارشێو؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە پارشێو دەڵێن:
١- هەموو زانایان یەک دەنگن پارشێو کردن سوننەتە واجب نییە. (الإجماع) لابن المنذر لاپەڕە (٥٢)، (المجموع) للنووي (٦/٣٣٠).
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون واجبە، لەبەر ئەوەی وصال حەڕامە، ئەگەر وصال حەڕام بێت لەنێوان دوو ڕۆژ ئەوە خواردن خواردن لەنێوانیاندا واجبە، ئەگەر شەو نەخوات واجبە پارشێو بخوات، بەڵام وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە مەگەر پارشێو نەکردن زیانی بەر بکەوێت، ئەو کات واجبە بخوات. (فتح ذي الجلال والإکرام) (٧/١٢٣-١٢٤).
٢- پارشێو کردن بەرەکەتی دین و دونیای تێدایە، لەوانە:
- شوێن سوننەت کەوتنە پاداشت بۆی هەیە بەپێی نییەتەکەی.
- لە کاتێکی باش هەستاوە بۆ زیکر و دوعا و نوێژ کە کۆتایی شەوە.
- کەسەکە لاشەی بەهێز دەبێت و گورج و گۆل دەبێت.
پارشێو کردن پێچەوانەی ئەهلی کتاب کردنە، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (فصل ما بین صیامنا وصیام أهل الکتاب أکلة السحور). أخرجە مسلم (١٠٩٦).
٣- سوننەت وایە پارشێو تاخیر بکرێت تا نزیک هەلاتنی فەجری ڕاستگۆ، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (الإنصاف) للمرداوی (٣/٢٣٤).
٤- سوننەت وایە پارشێو بە خورما بکرێت، لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (نعم سحور المؤمن التمر). رواه أبو داود (2345)، وابن حبان (8/253) (3475)، والبيهقي في (السنن الكبرى) (4/236) (8375). صححه ابن الملقن في (شرح صحيح البخاري) (13/136)، والألباني في (صحيح سنن أبي داود) (2345).