سەردێری پرسیار:دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەم ئەو فەرموودەیەی پیاوێک دەچێتە لای خێزانی خۆی لە مانگی ڕەمەزاندا؟

بەرواری دانان :2024-01-01 کۆدی پرسیار:3246

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەم ئەو فەرموودەیەی پیاوێک دەچێتە لای خێزانی خۆی لە مانگی ڕەمەزاندا؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ: جَاءَ رَجُلٌ إِلَى النَّبِيِّ (ﷺ) فَقَالَ: هَلَكْتُ يَا رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: (وَمَا أَهْلَكَكَ)، قَالَ: وَقَعْتُ عَلَى امْرَأَتِي فِي رَمَضَانَ، فَقَالَ: (هَلْ تَجِدُ مَا تُعْتِقُ رَقَبَةً)، قَالَ: لا، قَالَ: (فَهَلْ تَسْتَطِيعُ أَنْ تَصُومَ شَهْرَيْنِ مُتَتَابِعَيْنِ) قَالَ: لا، قَالَ: (فَهَلْ تَجِدُ مَا تُطْعِمُ سِتِّينَ مِسْكِينًا) قَالَ: لا، ثُمَّ جَلَسَ فَأُتِي النَّبِيُّ (ﷺ) بِعَرَقٍ فِيهِ تَمْرٌ، فَقَالَ: (تَصَدَّقْ بِهَذَا)، فَقَالَ: أَعَلَى أَفْقَرَ مِنَّا فَمَا بَيْنَ لابَتَيْهَا أَهْلُ بَيْتٍ أَحْوَجُ إِلَيْهِ مِنَّا، فَضَحِكَ النَّبِيُّ (ﷺ) حَتَّى بَدَتْ أَنْيَابُهُ، ثُمَّ قَالَ: (اذْهَبْ فَأَطْعِمْهُ أَهْلَكَ) أخرجە البخاري (١٩٣٦)، ومسلم (١١١١)، وأبو داود (٢٣٩٠)، والنسائي في الکبری (٣/٣١١)، والترمذي (٧٢٤)، وابن ماجە (١٦٧١)، وأحمد (١١/٥٣٣).

واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پیاوێک هاتە لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) وتی: بەهیلاک چووم ئەی نێردراوی خوا، پێغەمبەری خوا (ﷺ): (بۆ بەهیلاک چوویت)، وتی: چوومە لای خێزانی خۆم لە ڕۆژی ڕەمەزاندا، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (بەندەیەکت هەیە ڕزگاری بکەیت)، وتی: نەخێر، فەرمووی: (ئایا دەتوانی دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو بیت)، وتی: نەخێر، فەرمووی: (ئایا دەتوانی خواردن بدەیت بە شەست هەژار)، وتی: نەخێر، پاشان دانیشت سەبەتەیک خورمایان هێنا بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، فەرمووی: (ئەمە بکە بەخێر)، پیاوەکە وتی: ئایا لەنێوان ئەم دوو چیایە کەس هەیە لەمن هەژارتر بێت و پێویستی پێی بێت، پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێکەنی تا ددانەکانی بەدیارکەوت، پاشان فەرمووی: (بڕۆ بیبە بۆ خێزانەکەت و پێیان بدە).

راڤەی وشەکانی فەرموودەکە:

(هلکت): واتە: تووشی تاوانێک بوون بەهیلاک چووم. (بعرق): واتە: سەبەتەیەکی گەورە کە نزیکەی (١٥) یان (٢٠) صاع خورما لەخۆ دەگرێت. 

سوودەکانی فەرموودەکە:

١- فەرموودەکە بەڵگەیە هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا تاوانبار دەبێت، لەبەر وتەی: (هلکت)، (وما ‌هلكك)، پێغەمبەری خوا (ﷺ) دانی بەوە نا ئەوەی ئەو ئەنجامیداوە بەهیلاکی بردووە و تاوانە، ئەم پیاوە ئەگەرچی جاهل بوو بەوەی چی لەسەر واجب دەبێت، بەڵام زانستی بەوە هەبوو کە جووت بوون لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا حەرامە، بۆیە وتی: (هلکت).

٢- فەرموودەکە بەڵگەیە هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی مانگی رەمەزاندا ڕۆژووی پوچ دەبێتەوە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (مجموع الفتاوى) لابن تیمیە (25/244)، (المغني) لابن قدامة (3/134).

٣- فەرموودەکە بەڵگەیە کەفارەت لەسەری واجبە، کە هەر چوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

٤- فەرموودەکە بەڵگەیە واجبە کەفارەت بە تەرتیب بدات، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، کەفارەتیش بەندە ڕزگارکردنە، ئەگەر پێی نەکرا دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو دەبێت، ئەگەر پێی نەکرا خواردن دەدات بە شەست هەژار.

٥- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە پیاو لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بێت لە شەودا، لەبەر ئەوەی وتی: چوومە لای خێزانی خۆم لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا نەک شەو.

٦- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە بچیتە لای خێزانی خۆت لە شەودا پێش ئەوەی کەفارەت بدەیت ئەگەر لە ڕۆژووی ڕەمەزاندا لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بوو، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەیفەرموو: (نزیکی خێزانی خۆت مەکەوە تا کەفارەت دەدەیت)، پێچەوانەی کەفارەتی (ظهار) دەبێت کەفارەت بدات دواتر دەتوانێ جووت بێت لەگەڵی. (فتح ذي الجلال والاکرام) لابن عثیمین (٧/٣١٦).

٧- فەرموودەکە بەڵگەیە بۆ واجب بوونی قەزاکردنەوەی ئەو ڕۆژووەی کە شکاندوویەتی، کە هەرچوار مەزهەبەکان یەک دەنگن لەسەر ئەمە.

٨- ئافرەتیش وەک پیاو ڕۆژوو قەزا دەکاتەوە و کەفارەت دەدات ئەگەر ئەویش هۆکاربێت بۆ جووت بوون، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلەیە، هەروەها وتەیەکە لە وتەی شافعی یەکان.

٩- هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لەبیر بکات بەڕۆژووە، ئەوە ڕۆژووی دروستە و هیچی لەسەر نییە، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و ابن تيمية و ابن قيم و صنعانی و شەوکانی و ابن عثيمينە.

١٠- ئەم کەفارەت دانە تایبەتە بە شکاندنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەم حورمەتە هی مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووی واجبە پێکەوە، هەر کەسێک جووت بوون ئەنجام بدات لە ڕۆژی قەزاکردنەوەی ڕۆژووی ڕەمەزان، ئەوە کەفارەتی لەسەر نییە بە یەک دەنگی هەر چوار مەزهەبەکان، هەندێک زانا یەک دەنگی زانایان نەقل دەکەن، بەڵام یەک دەنگی نییە، چونکە قەتادە بۆ ئەوە چووە کەفارەتی لەسەرە. (التمهيد) لابن عبد البر (7/181)، (الإشراف) لابن المنذر (3/124)، (المغني) لابن قدامة (3/139).

١١- هەر کەسێک بێ ڕۆژوو بێت لە مانگی ڕەمەزان عوزری هەبێت، ئەوە دروستە جووت بێت لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا، بەڵام ئەگەر خێزانی بەڕۆژوو بێت، ئەوکات تاوانبار دەبێت و کەفارەتی لەسەر نییە، چونکە بۆ واجب بوونی کەفارەت دوو مەرج هەیە:

یەکەم: دەبێت بەڕۆژوو بێت و ڕۆژووی واجب بێت.

دووەم: دەبێت لە مانگی ڕەمەزاندا بێت.

١٢- هەر کەسێک لە یەک ڕۆژدا دوو جار جووت بووبێت، ئەوە دوو حاڵەتە:

یەکەم: ئەگەر کەفارەتی نەدابێت ئەوە یەک کەفارەت دەدات بۆ هەردوو جووت بوونەکانی ئەو ڕۆژە، کە هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەمە. (التمهيد) لابن عبدالبر (7/181)، (المغني) لابن قدامە (3/144).

دووەم: ئەگەر کەفارەت دابێت هەر لەو ڕۆژە پێش جووت بوونی دووەم، ئەوە بۆ جووت بوونی دووەم جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، وتەی ڕاست ئەوەیە کەفارەتی دووەم نادات، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی و ابن عثیمینە، چونکە جووت بوونی دووەمی ئەنجام داوە بێ ڕۆژوو بووە. (المجموع) للنووي (6/337).

١٣- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە مرۆڤ وەسفی نەفسی خۆی بکات بەوەی کە زۆر هەژارە ئەگەر ڕاستگۆ بێت و مەبەستی نەڕازی بوون نەبێت لە قەدەری خوای گەورە، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دانی پێ دانا و ئینکاری نەکرد.

١٤- فەرموودەکە بەڵگە دروستە کەسێک تووشی تاوان بووە لەخۆی بدات، چونکە ڕیوایەت هاتووە: (لە ڕوومەتی خۆی دەدا)، یەنایان دەڵێن: (النياحة): دەنگ بەرز کردن و گریانە بە دەنگی بەرز و ھاوار کردن و لەخۆدان و قژ دەرھێنان و وتنی قسەی ھەلەو ئارام نەگرتنە، وە یەکێکە لە تاوانە گەورەکان. (المجموع) (5/281).

موسیبەت دوو جۆرە:

یەکەم: موسیبەتی دونیا، ئەمەیان دروست نییە و حەڕامە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن کە حەڕامە.(المجموع) (5/281).

دووەم: موسیبەتی دین، هەندێک زانا دەڵێن ئەمەیان جیاوازە لە موسیبەتی دونیا و دروستە، بەڵگە:

١ـ ئەو پیاوەی لە ڕۆژی مانگی ڕەمەزاندا لەگەڵ خێزانی خۆی جووت بوو، ڕیوایەتی الدارقطنی هاتووە دەفەرمووێت: (ویحثی علی رأسە التراب)، واتە: خۆلی بەسەر سەری خۆیدا دەکرد.

ـ ڕیوایەت هاتووە: (یلطم وجهە)، واتە: لە ڕوخساری خوی دەدا.

ـ ڕیوایەت هاتووە: (هلك الابعد).

ابن حجر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم ڕیوایەتانە دەکەنە بەڵگە ئەم وتە و کردەوانە دروستن بۆ کەسێک تووشی تاوان بووە، جیاوازی دەخەنە نێوان موسیبەتی دین و دونیا، بۆ موسیبەتی دین دروستە لەبەر ئەوەی هەست بە حاڵی دەکرێت زۆر پەشیمان بۆتەوە، لەوانەشە کردەوەی ئەم پیاوە پێش نەهی کردن بووبێت لە لێدان لە ڕوومەت و قژ دەرهێنان لە کاتی موسیبەتدا). فتح الباري (٤ /١٩٤ـ١٩٥)، (طبع دار الریان للتراث) القاهرە.

باشتر وایە خۆت بەدوور بگریت لەم کردەوانە کاتی موسیبەتی دین و دونیا، دەبێت ئارام بگریت لەسەر تاعەت و تاوان و قەدەرەکانی خوای گەورە، والڵە ٲعلم.

١٥- فەرموودەکە بەڵگە دروستە مرۆڤ سوێند بخوات لەسەر گومانی راجح، لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەسەر گومانی خۆی کە کەس لەو هەژارتر نییە، پێغەمبەری خواش (ﷺ) دانی بەوە دانا.

١٦- فەرموودەکە بەڵگە هەر کەسێک تووشی تاوان بوو زانا بوو بە حەڕامی حوکمەکەی بەڵام نەزان بوو بە کەفارەتی یان حەدی، ئەوە واجبە کەفارەت بدات یان حەد لەسەری جێ بەجێ بکرێت، نموونە: کەسێک زانایە بە حەڕام بوونی زینا بەڵام نەزانە بە حەدەکەی، ئەمەیان حەدی لێ دەردەکرێت.

١٧- فەرموودەکە بەڵگە دروستە پیاو باسی تاوانی خۆی بکات بۆ حالەتی پرسیارکردن.

١٨- فەرموودەکە بەڵگە ڕۆژوو شکاندن بۆ جگە لە جووت بوون ئەم کەفارەتەی لەسەر نییە.

١٩- سەبارەت بە (استمناء)، خوی نهێنی ئەگەر مەنی دەربچێت ڕۆژووی دەشکێت.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خێزانی خۆی ماچ بکات و مەنی دەربچێت ڕۆژووی دەشکێت بێ ئەوەی جیاوازی هەبێت لە نێوان زانایان ئەوەی ئێمە بزانین، ... ئەگەر خوی نهێنی بکات بە دەست ڕۆژووی ناشکێت مەگەر مەنی دەربچێت، ئەگەر مەنی دەربچێت ڕۆژووی شکاوە). (المغني) (٤/٣٦١-٣٦٣).

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر خێزانی خۆی ماچ بکات یان مباشرەی لەگەڵ بکات بە زەکەری و جگە لە فەرجی خێزانی یان دەستی لێ بدات یان شتی تر، مەنی بێتە خوارەوە ڕۆژووی دەشکێت ئەگەرنا ناشکێت، خاوەنی کتابی حاوی و جگە لە ئەو ئیجماع نقل دەکەن کە ڕۆژووی بەتالە هەر کەسێک ماچ بکات یان مباشەرەی لەگەل بکات جگە لە فەرج). (المجموع) (٦/٣٤٩).

ابن ڕشد دەفەرمووێت: (هەموویان دەلێن، واتە هەموو ئیمامەکان دەڵێن هەر کەسێک ماچ بکات و مەنی دەربچێت ڕۆژووی شکاوە). (بدایة المجتهد) (١/٣٨٢).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر داوای هاتنە دەرەوەی مەنی بکات بە هەر ڕێگایەک جا بە دەست بێت یان بەزەوی داهێنان بێت یان ڕێگای تر مەنی بێتە دەرەوە ڕۆژووەکەی بەتالە، کە ئەمە وتەی هەر چوار ئیمامەکانە ڕەحمەتی خوایان لێ بێت مالک و شافعی و ئەبو حەنیفە و ئەحمەدە.

ظاهریەکان دەلێن ڕۆژوو ناشکێت بە (استمناء) ئەگەر مەنیش بێتە دەرەوە ، چونکە هیچ بەلگە نەهاتوون لە قورئان و سوننەت کە ڕۆژوو دەشکێت، ناگونجێت عیبادەتی بەندەکانی خوا پوچ بکەی ئیلا بەلگە هاتبێت لە قورئان و سونەت.

بەلام لەلای من خواش زاناترە دەکرێت بلێیت ڕۆژوو دەشکێت لە دوو ڕووەوە:

یەکەم: دەق هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) سەبارەت بە ڕۆژووگر دەفەرمووێت: (يدع طعامه وشرابه وشهوته من أجلي). واتە: واز لە خواردن و خواردنەوە و شەهوەت دەهێنێت لەپێناو من.

(استمناء): شەهوەتە و دەرچوونی مەنی شەهوەتە، بەلگەیە کە مەنی بەکاردێت بۆ شەهوەت، وتەی پێغەمبەر(ﷺ): (وفي بضع أحدكم صدقة قالوا: يا رسول الله أيأتي أحدنا شهوته ويكون له أجر؟ قال: أرأيتم لو وضعها في الحرام أكان عليه وزر؟ كذلك إذا وضعها في الحلال كان له أجر).

دووەم: قیاس، دەلێین فەرموودە هاتووە ڕۆژوو دەشکێت بە خۆ ڕشاندنەوە و حیجامە کردن، ئەمانە لاشە لاواز دەکەن). (شرح الممتع) (٦/٣٣٤-٣٣٥).

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ((استمناء)، ڕۆژوو دەشکێنێت چونکە شەهوەتی تێدایە و مەنی دەردەچێت). (مجموع الفتاوی) (٢٥/٢٥١). ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (استمناء لە ڕۆژی بە ڕۆژوو بووندا ڕۆژوو دەشکێنێت ئەگەر بە ئەنقەست بێت و مەنی دەربچێت، لەسەری واجبە ڕۆژوو بگرێتەوە ئەگەر ڕۆژووەکەی بێت). (مجموع فتاوی ابن باز) (١٥/٢٦٧).

ئەگەر کەسێک خوی نهێنی بکات مەنی نقل ببێت و هەست بە خاوبوونەوە بکات بەلام مەنی لە زەکەر یان فەرج دەرنەچێت وتەی ڕاست ئەوەیە کە ڕۆژووی نەشکاوە و خۆشۆردن واجب نابێت کە ئەمە وتەی ابن تیمییە، بەلگە: - حديث أم سلمة وفيه: (نعم، إذا هي رأت الماء)،

واتە: بەلێ ئەگەر ئاوت بینی، نەیفەرموو: (بەلێ ئەگەر هەستت بە نقل بوونی مەنی کرد)، خۆشۆردنی پەیوەست کردووە بە بینین و دەرچوونی مەنی.

- حديث أبي سعيد الخدري: (إنما الماء من الماء)، واتە: ئاو لە ئاوە بە هاتنەخوارەوەی و دەرچوونی ئاو خۆشۆردن واجب دەبێت.

- ئەسل وایە دەست نوێژ ماوە و تووشی لەش گرانی نەبوویت مەگەر بەڵگە هاتبێت. ٢٠- فەرموودەکە بەڵگەیە مسافر ئەگەر جووت بێت لە ڕۆژی ڕەمەزاندا کەفارەتی لەسەر نییە، لەبەر ئەوەی مسافر بۆی هەیە ڕۆژوو بشکێنێت، مەرج بۆ واجب بوونی کەفارەت ئەوەیە دەبێت لە ڕۆژی مانگی رەمەزاندا بێت و ڕۆژوو لەسەری واجب بێت. (فتح ذي الجلال والإکرام) (٧/٣١٤).

٢١- فەرموودەکە بەڵگەیە دەبێت دوو مانگ لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت، مەگەر کەسەکە عوزری هەبێت نەخۆش بکەوێت یان سەفەر بکات، لەم حالەتە دروستە لەو ڕۆژانە بەڕۆژوو بێت و دواتر تەواو بکات ئەگەر عوزری نەما، ئەگەر بێ عوزر بشێکنێت دەبێت سەر لەنوێ دەست پێ بکاتەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام