پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: (من مات وعلیە صیام صام عنە ولیە)؟
وەڵام: َعَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهَا أَنَّ النَّبِيَّ (ﷺ) قَالَ: (مَنْ مَاتَ وَعَلَيْهِ صِيَامٌ صَامَ عَنْهُ وَلِيُّهُ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ: أخرجە البخاري (١٩٦٥)، ومسلم (١١٠٣).
واتە: لە عائشة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (هەر کەسێک بمرێت ڕۆژووی لەسەر بێت، ئەوە با وەلی یەکانی بۆی بەڕۆژوو بن).
١- فەرموودەکە بەڵگەیە ھەر کەسێک ڕۆژووی لەسەر بێت لەبەر سەفەر یان نەخۆشییەکی کاتی ئومێدی چاک بوونەوەی ھەبێت، توانای قەزاکردنەوەی هەبێت بەڵام تاخیری دەکات، دوای بمرێت سونەتە بۆ نزیکەکانی ڕۆژووی بگرنەوە و پاداشتی بۆی دەڕوات، کە ئەمە وتەی کۆنی شافعی و ئیمام النووي و ابن باز و ابن عثیمینە، بەڵگە: وتەی: (صام عنە ولیە)، خەبەرە مانای فەرمان هەلدەگریت، بەڵام واجبیش نییە لەسەر نزیکەکان.
سەبارەت بەوەی ڕۆژووی واجبی لەسەرە و عوزری هەبووە نەیتوانی قەزا بکاتەوە و مردووە، ئەمەیان هیچی لەسەر نییە و خواردنیش بۆ ڕۆژووەکانی نادرێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە.
٢- فەرموودەکە بەڵگەیە ھەموو ڕۆژووێکی واجب دەگرێتەوە جا ڕۆژووی ڕەمەزان بێت یان کەفارەت یان فیدیە، لەبەر ئەوەی وتەی: (صیام) هەموو ڕۆژووێکی واجب دەگرێتەوە.
٣- فەرموودەکە بەڵگەیە ڕۆژووی واجب بۆ مردووە دەگریتەوە نەک ڕۆژووی سوننەت، لەبەر وتەی: (وعلیە صیام)، دەبێت ئەو کاتەی کە مردووە ڕۆژوو لەسەری واجب بێت، ئەگەر نەخۆش بێت و عوزری هەبووبێت دوای واجب بوون و مردبێت، ئەوە ڕۆژووی بۆ ناگریت، چونکە ئەو کاتەی مردووە لەسەری واجب نەبووە.
نموونە: پیاوێک نەخۆش بوو سەرەتای ڕەمەزان ئومێدی چاک بوونەوەی ھەیە و لەسەر ئەمە ھەر بەردەوام بوو، بەلام دوای ڕەمەزان نەخۆشییەکەی تووندتر بوو تا مرد، ئایا ڕۆژووی لە جیاتی بگرین؟ وەلام: ڕۆژووی لەجیاتی ناگریت، چونکە نەخۆش بووە و ڕۆژووی لەسەر واجب نەبووە، ئەمەیان دەبێت ڕۆژێکی تر بگرێتەوە چونکە نەخۆش بوو لەبەر وتەی خوای گەورە: ﴿فَعِدَّةٞ مِّنۡ أَيَّامٍ أُخَرَۚ﴾ [البقرة: 184]، ڕۆژێکی تر نەیتوانی پێی بگات لەبەر مردنی.
نموونەیەکی تر: پیاوێک سەفەری کرد مانگی ڕەمەزان ھەمووی و ڕۆژووی شکاند، لە ڕۆژی جەژن تووشی ڕووداوێک بوو و مرد، ئایا نزیکەکانی ڕۆژووی بۆ دەگرن یان نە؟ وەلام: ڕۆژووی بۆ ناگرن، چونکە ڕۆژووی لەسەر واجب نەبووە، ڕۆژوو لەسەری واجب دەبێت لە ڕۆژێکی تر و ئەمە پێی نەکرا.
لەسەر ئەمە ئێمە دەلێین:
یەکەم: نەخۆش ئەگەر ڕۆژووی واز لێ ھێنا لەبەر نەخۆشی ئومێدی چاک بوونەوەی نییە، واجبە خواردن بدات، ڕۆژووی لەسەر نییە و ڕۆژوو لەسەر نزیکەکانیشی نییە.
دووەم: ئەگەر نەخۆشییەکەی ئومێدی چاک بوونەوەی ھەبوو و پاشان نەخۆشییەکەی بەردەوام بوو تا مرد، نەخواردنی لەسەرە و نە ڕۆژوو گرتنەوەی لەسەرە.
سێیەم: ئەگەر نەخۆشییەکەی ئومێدی چاک بوونەوەی ھەبێت و چاک بووەوە دوای ڕەمەزان توانای گرتنەوەی ھەبوو، وەک ئەوەی پێنج ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەرە، دوای چاک بووەوە لە پێنج ڕۆژ لە مانگی شەوال و پاشان مرد، ئەمەیان فەرموودە لەسەری جێ بەجێ دەبێت و دەلێین: نزیکەکانی پێنج ڕۆژ بۆی دەگرنەوە، چونکە پێی کرا ڕۆژوو بگرێتەوە بەلام نەی گرت.
٤- فەرموودەکە بەڵگەیە سوننەتە ڕۆژوو بۆ مردوو بگریتەوە نەک واجبە، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، پێجەوانەی ظاهری یەکان دەڵێن واجبە، لەسەر وتەی ئەوان وەلی یەکانی تاوانبار دەبن ئەگەر بۆی نەگرنەوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، چونکە کەس تاوانی کەس هەلناگرێت، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰۚ﴾ [فاطر: 18].
هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون لە بابەتی چاکەکردن لەگەڵ دایک و باوک واجبە مناڵەکانی بۆی بگرنەوە.
٥- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە لەسەر یەک ڕۆژوو بۆ مردوو بگریتەوە و دروستە لەسەر یەکیش نەبێت، ھەروەک چۆن ئەسل وایە ئەوەی ڕۆژووی لەسەر دروستە بۆی لەسەر یەک و بەجیا ڕۆژوو بگرێتەوە، ئەوانەی بۆی دەگرنەوە بە ھەمان شێوە، لەبەر وتەی: (صام عنە ولیە).
٦- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە نزیکەکانی مردوو ڕۆژووی مردووەکە بەسەر خۆیاندا دابەش بکەن بۆ گرتنەوە، نموونە: مردوو شەش مناڵی ھەیە و ڕۆژووی مانگێکی ڕەمەزانی لەسەر بێت کە سی ڕۆژە، ئایا دروستە ھەر منالێکی ئەو مردووە پێنج ڕۆژوو بگرێت؟ وەلام: بەلێ دروستە، لەبەر وتەی پێغەمبەر: (صام عنە ولیە)، ھەروەک چۆن دروستە ئەو شەش منالەی قەرزی بدەنەوە، وەک ئەوەی باوکی شەش سەد ڕیال قەرزارە ھەر منالێک سەد ڕیال دەداتەوە.
حوکمی ئەوە چییە نزیکەکانی مردوو ھەموو ڕۆژووەکانی بەسەر خۆیاندا دابەش بکەن و لە یەک ڕۆژدا بۆی بگرنەوە؟ وەلام: دروستە چونکە ھەر کەسێک ڕۆژووی خۆی گرتووە بۆ مردووەکە). (فتح ذي الجلال والإکرام) (٧/٣٤٦-٣٤٨).
ھەموو زانایان یەک دەنگن نابێت کەس ڕۆژوو بۆ کەسی تر بگرێت ئەگەر کەسەکە لەژیان دا بێت.
قاضي عياض ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو زانایان یەک دەنگن کەس لە جیاتی کەس نوێژ ناکات جا زیندوو بێت یان مردوو بێت، وە ھەموو زانایان یەک دەنگن کەس ڕۆژوو ناگرێت لە جیاتی کەس ئەگەر کەسەکە زیندوو بێت). إکمال المعلم (١٠٤/٤).
ئیمام لنووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (قاضی و ھاوەڵانی ئێمە دەڵێن: ھەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوە نابێت کەس نوێژ بۆ کەسی تر بکات، نابێت کەس ڕۆژوو بۆ کەسی تر بگرێت ئەگەر زیندوو بێت). شرح صحیح مسلم (٢٦/٨).
ابن عبد البر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (سەبارەت بە نوێژ ھەموو زانایان یەک دەنگن کەس نوێژ ناکات لە جیاتی کەس نە نوێژی واجب و نە نوێژی سونەت، نە بۆ کەسی زیندوو و نە بۆ کەسی مردوو، ھەروەھا نابێت ڕۆژووش بۆ کەسی زیندوو بگریت، ھەموو ئەوانەی باسمان کرد ئیجماع لەسەری ھەیە). الاستذكار (٣٤٠/٣).
٧- جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان چ جۆرێکی ڕۆژوو بۆ مردووە دەگیرێتەوە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون هەموو ڕۆژووێکی واجب دەگرێتەوە، جا ڕۆژووەکە واجب بووبێت بە ئەسلی شەرع، وەک ڕۆژووی ڕەمەزان، یان ڕۆژووی نەزر کە مرۆڤ خۆی لەسەر خۆی واجب دەکات، کە ئەمە وتەی شافعی و ابن حزمە، لەبەر ئەوەی فەرموودەی باب گشتی یە هەموو ڕۆژووێکی واجب دەگرێتەوە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەنها ڕۆژووی نەزر دەگرێتەوە، ڕۆژووەکانی تر خواردن بۆی دەدرێت، کە ئەمە وتەی ئەحمەد، فەرموودەی ابن عباس ڕۆژووی مقید کردووە بە ڕۆژووی نەزر، هەروەها لە هاەڵانیش نەقل کراوە بۆ جگە لە نەزر خواردنیان داوە.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە، چونکە:
- فەرموودەی عائشە گشتی یە هەموو ڕۆژووێکی واجب دەگرێتەوە، فەرموودەی ابن عباس باسی تاکێکی ئەم عامەی کردووە، هەروەها وتەی: (فدین اللە أحق أن یقضی)، بەڵگەیە هەموو قەرزێک دەگرێتەوە جا واجب بێت یان نەزر.
- چۆن دەکرێت فەرموودەی عائشە بەوە لێک بدەیتەوە کە تەنها باسی ڕۆژووی نەزرە کە ڕۆژووی واجب واجب بووە بە ئەسڵی شەرع، ڕۆژووی نەزر کەسەکە خۆی لەسەر خۆی واجب دەکات، واجب بە ئەسلی شەرع بەهێزترە لەوەی کەسەکە خۆی لەسەر خۆی واجب بکات، هەروەها زۆربەی ئەوانەی ڕۆژوویان لەسەرە ڕۆژووی واجبە نەک نەزر، بەڵکو ڕۆژووی نەزر دەگمەنە