پرسیار: بۆچی زۆرترین ڕۆژووی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە مانگی شەعباندا بووە کەچی مانگە حەرامەکان باشترین مانگن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن زۆرترین ڕۆژووی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە شەعبان بووە، ئەمە بەڵگەیە بۆ فەزلی ڕۆژوو گرتن لە مانگی شەعباندا، بەڵام فەرموودە تر هاتووە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (أفضل الصیام بعد رمضان شهر اللە المحرم ...). أخرجە مسلم (١١٦٣).
ئەمە بەڵگەیە ڕۆژووی مانگی محرم باشترە لە ڕۆژووی مانگی شەعبان، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕۆژووی مانگی محرم بە پلە یەک داناوە دوای مانگی ڕەمەزان، ئەی بۆچی زۆرترین ڕۆژووی لە مانگی شەعباندا بووە؟
وەڵام لە دوو ڕووەوەیە:
یەکەم: ئیمام النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەوانەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەیزانی بێت تا کۆتایی تەمەنی، لەوانەشە نەیتوانی بێت لە مانگی حەرام زۆر بەڕۆژوو بێت بۆی نەگونجا بێت، یان لەوانەیە عوزری سەفەر و شتی تر کەوتبێتە ناو مانگە حەرامەکان بۆیە نەیتوانی بێت زۆر ڕۆژوو بگرێت لەم مانگەدا). (شرح النووي علی مسلم) (٧/٢٨٦).
دووەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ڕۆژووی شەعبان لە بابەتی ڕۆژووی (مقید)ە، ئەوەی زانراو بێت ڕۆژووی (مقید) باشترە لە ڕۆژووی (مطلق)، لەسەر ئەمە ڕۆژووی شەعبان ڕۆژووی (مقید)ە، بۆ مانگی رەمەزان وەک (راتبة) وایە، (رواتب)ی واجبەکان باشترە لە نوافلی مطلق، لەسەر ئەمە زۆر ڕۆژووگرتنی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە مانگی شەعباندا وەک (راتبة) وایە بۆ ڕەمەزان، لەسەر ئەمە مانگی ڕەمەزان پارێزراوە بە دوو ڕۆژوو: ڕۆژووی شەعبان و ڕۆژووی شەوال. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (٧/٣٩٨-٣٩٩).