سەردێری پرسیار:کاتی ئیعتکاف لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان کەی دەست پێ دەکات؟

بەرواری دانان :2024-01-07 کۆدی پرسیار:3253

پرسیار:

پرسیار: کاتی ئیعتکاف لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان کەی دەست پێ دەکات؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، دوو وتە هەیە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەوەی ئیعتکاف دەکات دوای نوێژی بەیانی لە ڕۆژی (٢١) دەچێتە شوێنی ئیعتکاف، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ئەوزاعی و صنعانی، بەڵگە:

١- عن عائشة رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ: كَانَ النَّبِيُّ (ﷺ) إِذَا أَرَادَ أَنْ يَعْتَكِفَ صَلَّى الْفَجْرَ ثُمَّ دَخَلَ مُعْتَكَفَهُ، مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

واتە: لە عائشة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەگەر بیویستبا ئیعتکاف بکات نوێژی بەیانی دەکرد پاشان دەچووە شوێنی ئیعتکافی.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەوەی ئیعتکاف دەکات پێش خۆر ئاوابوون لە شەوی (٢١) دەچێتە شوێنی ئیعتکاف، کە ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، بەڵگە:

١- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (من کان اعتکف معي فلیعتکف العشر والأواخر)، وتەی: (العشر) بێ (هاء) ژمارەی شەوەکانە، یەکەم شەویش شەوی (١٢)ە.

وتەی ڕاست وتەی دووەمە وتەی زۆربەی زانایان، چونکە:

- مەبەست لە ئیعتکاف لە دە شەوی کۆتایی ئەوەیە بەڵکو عیبادەت لەو شەو بکات کە شەوی قەدرە، یەکەم شەویش شەوی (٢١)ە.

- هەر کەسێک پێش خۆر ئاوابوون بچێتە شوێنی ئیعتکاف ئەوە ئیعتکافی دە شەوی کۆتایی کردووە، ئەگەر دوای نوێژی بەیانی بچێتە شوێنی ئیعتکاف ئەوە ئیعتکافی نەکردووە لە دە شەوی کۆتایی.

سەبارەت بە فەرموودەی عائشة ماناکەی ئەوەیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوای ئەوەی لەگەڵ خەڵک کۆبوونەوە و نوێژی بەیانی کرد دەگەڕایەوە شوێنی ئیعتکافی، نەک سەرەتای دەست پێکردنی ئیعتکافی لە دوای نوێژی بەیانی دەستی پێکردبێت، هەروەها باسی مزگەوتیشی نەکردووە، چونکە ئیعتکاف لە مزگەوت دەکرێت، ئەگەر سەرەتای دەست پێکردن بوایا باسی چوونە مزگەوتیشی دەکرد.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام