پرسیار: دروستە ئیعتکاف بکرێت بێ ڕۆژوو گرتن؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەمە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ڕۆژوو مەرج نییە بۆ ئیعتکاف، کە ئەمە وتەی هەندێک مالکی و شافعی یەکان و حەنابلە و ابن حزم و ابن دقیق و ابن باز و ابن عثیمینە، چونکە:
- عن ابنِ عمَرَ رَضِيَ اللهُ عنهما: أنَّ عُمَرَ سأل النبيَّ (ﷺ) قال: كنتُ نَذَرْتُ في الجاهليَّةِ أن أعتكِفَ ليلةً في المسجِدِ الحَرامِ قال: (فأوْفِ بِنَذرِك).
پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیزنی بە عومەر دا شەو ئیعتکاف بکات، ئەوەی زانراو بێت ڕۆژوو لە شەودا نییە، ئەگەر ڕۆژوو مەرج بوایا بۆ ئیعتکاف ئەوە ئیعتکافی دروست نەدەبوو.
- ڕۆژوو بە مەرج دانان بۆ ئیعتکاف حوکمێکە جێگیر ناکرێت مەگەر بە شەرع، هیچ دەق و ئیجماع نەقل نەکراون.
- دوو عیبادەتی سەربەخۆن ناکرێت یەکێکیان بە مەرج دابنێت بۆ ئەوی تر. (الشرح الممتع) لابن عثيمين (6/507).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ڕۆژوو مەرجە بۆ ئیعتکاف، کە ئەمە وتەی مالکی و هەندێک شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن قیمە، هەروەها ابن قیم دەفەرمووێت ئەمە وتەی ابن تیمیەیە، حەنەفی یەکان بۆ ئەوە چوون ڕۆژوو مەرجە بۆ ئیعتکافی واجب (واتە: ئەوەی نەزری کردووە) نەک تطوع، بەڵگە:
- پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیعتکافی نەکردووە ئیلا بەڕۆژوو بووە، جگە لە قەزاکردنەوە نەبێت.
- عن عائشة رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ: السُّنَّةُ عَلَى الْمُعْتَكِفِ أَنْ لا يَعُودَ مَرِيضًا وَلا يَشْهَدَ جَنَازَةً وَلا يَمَسَّ امْرَأَةً وَلا يُبَاشِرَهَا وَلا يَخْرُجَ لِحَاجَةٍ إِلَّا لِمَا لا بُدَّ لَهُ مِنْهُ وَلا اعْتِكَافَ إِلَّا بِصَوْمٍ وَلا اعْتِكَافَ إِلَّا فِي مَسْجِدٍ جَامِعٍ رَوَاهُ أَبُو دَاوُدَ وَلا بَأْسَ بِرِجَالِهِ إِلَّا أَنَّ الرَّاجِحَ وَقْفُ ءَاخِرِهِ.
واتە: لە عائشة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: سوننەت وایە ئەوەی لە ئیعتکاف دایە سەردانی نەخۆش نەکات، ئامادەی جەنازە نەبێت، دەست لە ئافرەت نەدات و مباشرەی لەگەل نەکات، دەرنەچێت مەگەر بۆ کارێک پێویست بێت، ئیعتکاف نییە مەگەر بە ڕۆژوو (واتە: ڕۆژوو لەگەڵ بێت)، ئیعتکاف نییە مەگەر لە مزگەوتێک خەڵکی تێدا کۆبێتەوە و نوێژی جەماعەت ئەنجام بدرێت.
وتەی صحابی کاتێک دەفەرمووێت: (السنة)، حوکمی مرفوعی هەیە.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە کە ڕۆژوو مەرج نییە بۆ ئیعتکاف، ئیعتکاف عیبادەتێکی سەربەخۆیە وەک حەج و جیهاد و کردەوەی تر، پێویست ناکات بە عیبادەتی ترەوە ببەستیتەوە و بە مەرج دابنێیت، باشتریش وایە لە دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان ئیعتکاف بکرێت، ئەمە سوننەتی پێغەمبەری خوا بووە (ﷺ)، بەڵام کەس هەیە نەخۆشە ناتوانێت بەڕۆژوو بێت بەڵام حەز دەکات ئیعتکاف بکات، ئەمەیان ئیعتکافی دروستە بێ ڕۆژوو، واللە أعلم.