سەردێری پرسیار: ئایا ڕۆژوو گرتنیش لە مەککە وەک نوێژ وایە بۆ پاداشت ؟

بەرواری دانان: 2018-10-07 کۆدی پرسیار: 326

پرسیار:

پرسیار // ئایا ڕۆژوو گرتنیش لە مەککە وەک نوێژ وایە بۆ پاداشت ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن گومانی تێدا نییە کە شوێن و کات ھەیە کردەوەی پاش تێیدا چەند قاتە بەراورد بە شوێن و کاتی تر ، بەلام بۆ ڕۆژوو گرتن لە مەککە و مەدینە ھیچ فەرموودەی ڕاست نەھاتوون وەک نوێژ پاداشتی چەند قاتی دیار کردبێت ، ئەو فەرموودانەی ھاتوون ھەموویان لاوازن .

عَنِ ابْنِ عَبَّاسٍ، قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ((مَنْ أَدْرَكَ رَمَضَانَ بِمَكَّةَ، فَصَامَهُ، وَقَامَ مِنْهُ مَا تَيَسَّرَ لَهُ، كَتَبَ اللَّهُ لَهُ مِائَةَ أَلْفِ شَهْرِ رَمَضَانَ، فِيمَا سِوَاهَا، وَكَتَبَ اللَّهُ لَهُ، بِكُلِّ يَوْمٍ عِتْقَ رَقَبَةٍ، وَكُلِّ لَيْلَةٍ عِتْقَ رَقَبَةٍ، وَكُلِّ يَوْمٍ حُمْلَانَ فَرَسٍ فِي سَبِيلِ اللَّهِ، وَفِي كُلِّ يَوْمٍ حَسَنَةً، وَفِي كُلِّ لَيْلَةٍ حَسَنَةً)) . رواە ابن ماجة (3117) ، قال الألباني في "ضعيف ابن ماجة" : " موضوع " .

واتە : ھەر کەسێک بگات بە مەککە لە ڕەمەزان دا ، وە بەڕۆژوو بێت ، وە شەو نوێژیش بکات چەند بۆی کرا ، خوای گەورە پاداشتی سەد ھەزار مانگی ڕەمەزانی بۆی دەنووسێت بەراورد بە شوێنەکانی تر ، خوای گەورە بۆی دەنووسێت ھەموو ڕۆژێک ڕزگار کردنی بەندەیەک ، وە ھەموو شەوێکیش ڕزگار کردنی بەندەیەک ، وە ھەموو ڕۆژێک پاداشتی دەرچوون بە ئەسپەوە بۆ جیھاد کردن بۆی دەنووسرێ ، وە ھەموو ڕۆژ چاکەی بۆ دەنووسرێ و وە ھەموو شەویش چاکەی بۆی دەنووسرێ .

عَنْ عَبْدِ اللهِ بْنِ عُمَرَ ، قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (( صِيَامُ شَهْرِ رَمَضَانَ بِالْمَدِينَةِ كَصِيَامِ أَلْفِ شَهْرٍ فِيمَا سِوَاهُ ، وَصَلَاةُ الْجُمُعَةِ بِالْمَدِينَةِ كَأَلْفٍ فِيمَا سِوَاهُ )) .قال البيهقي عقبه: " هَذَا إِسْنَادٌ ضَعِيفٌ بِمَرَّةٍ " .رواە البيهقي في "الشعب" (3852) .

واتە : ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان لە مەدینە وەک ڕۆژووی ھەزار مانگ وایە لە بێجگە لە مەدینە ، وە نوێژی جومعە لە مەدینە بە ھەزار نوێژە بەراورد بە شوێنەکانی تر .

یان ئەم فەرموودەیە : (( رمضان بالمدينة يعدل سبعين رمضانا في غيرها )) واتە : ڕەمەزان لە مەدینە بەرامبەر حەفتا ڕەمەزانە لە شوێنەکانی تر .

زانایان دەلێن ئەم فەرموودانە ھەموویان لاوازن و نابێت پشتی پێی ببەستیت .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە کردەوەکانی تر بێجگە لە نوێژ لە مەککە چەند قاتە و زیاترە ، بەلام ھیچ بەلگە نەھاتوون سنوری دیار کردبێت ، بەلکو تەنھا بۆ نوێژ ھاتووە ، کردەوەکانی تر وەک ڕۆژوو و زیکر و خوێندنەوەی قورئان و خێر نەم زانیووە ھیچ بەلگە جێگیر بووبێت بۆ چەند قاتی ئەم کردەوانە بە دیار کراوی ، بە شێوەیەکی گشتی چەند قاتە بۆ پاداشت بەلام نەک بە شێوەی دیار کراو . )) "مجموع فتاوى ابن باز" (3/ 388) .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( چەند قاتی کردەوەی باش بە ژمارەی دیار کراو ئەسڵ وایە ڕاوەستانە ئیلا بەلگە ھاتبێت ، پێویستی بە بەلگەی تایبەت ھەیە مەجالی قیاس کردنی تێدا نییە لە سەر کردەوەی تر ، ئەگەر بەلگەی ڕاست ھاتبێت بۆ چەند قاتی کردەوەی تر ئەوا وەردەگرین ، بەلام گومانی تێدا نییە کە شوێن و کاتی باش ھەیە کاریگەری لەسەر چەند قاتی کردەوە ھەیە ، ھەروەک زانایان دەلێن : چاکەکان چەند قات دەبن لە شوێن و کاتی باش ، بەلام تایبەت کردنی چەند قات بە ژمارەی دیار کراو پێویستی بە بەلگەیە . )) "الشرح الممتع" (6/ 514) .

پـــــوختەی وەلامی زانایان :

(١) ھیچ فەرموودەی ڕاست نەھاتوون کە پاداشتی ڕۆژوو گرتن لە مەککە و مەدینە بە ژمارە دیار کردبێت زیاتر بێت لە شوێنەکانی تر .

(٢) پاداشت دیار کردن بە ژمارەی دیار کراوی چەند قات ئەسڵ وایە ڕاوەستانە و مەجالی قیاسی تێدا نییە ئیلا بەلگە ھاتبێت .

(٣) شوێن و کات ھەیە بەشێوەیەکی گشتی کردەوەی باشی تێدا زیاترە لە شوێن و کاتی تر ، بەلام بە ژمارە دیار کردن پێویستی بە بەلگەیە .

(٤) ھەندێک زانا دەلێن ڕۆژوو لە مەککە و مەدینە پاداشی زیاترە بەلام نەک بە ژمارە دیار بکەیت ، چونکە ھیچ فەرموودەی ڕاست نەھاتوون بۆ دیار کردنی پاداشت بە ژمارە .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام