سەردێری پرسیار:پرسیار: حوکمی دووبارە کردنەوەی عومرە لە ساڵێکدا؟

بەرواری دانان :2024-01-11 کۆدی پرسیار:3262

پرسیار:

پرسیار: حوکمی دووبارە کردنەوەی عومرە لە ساڵێکدا؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن دروستە عومرە چەند جار دووبارە بکرێتەوە لە ساڵێکدا، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلە و هەندێک مالکی یەکانە، بەڵگە:

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ: (الْعُمْرَةُ إِلَى الْعُمْرَةِ كَفَّارَةٌ لِمَا بَيْنَهُمَا، وَالْحَجُّ الْمَبْرُورُ لَيْسَ لَهُ جَزَاءٌ إِلَّا الْجَنَّةَ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (عومرە بۆ عومرە کەفارەتی تاوانەکانی نێوانیانە، حەجی قبول کراوە هیچ پاداشتی نییە مەگەر بەهەشت).

ئەگەر عومرە دووبارە کردنەوە دروست نەبێت ئەوە وەک حەج لێی دێت، ئەو کات دەیفەرموو: (الحج إلی الحج)، کاتێک فەرمووی: (العمرة إلی العمرة)، بەڵگەیە بۆ دووبارە بوونەوە لە سالێکدا و وەک حەج نییە. هەروەها عومرە کاتێکی دیاری کراوی نییە وەک حەج، بۆیە ناکرێت بڵێیت وەک حەج وایە و یەک جار ئەنجام دان باشترە لە سالێکدا، هەروەها عائشە دوو عومرەی ئەنجام داوە لە یەک مانگدا بە فەرمانی پێغەمبەری خوا (ﷺ). أخرجه البخاري (1561)، ومسلم (1211)، (الفتاوی ابن تیمیة) (٢٦/٢٦٨-٢٦٩).

ئیمام مالک بۆ ئەوە چووە مەکروهە عومرە دوو جار ئەنجام بدەیت لە ساڵێکدا، کە ئەمە وتەی هەندێک پێشینەکانە، وەک ابراهیم النخعي و الحسن البصري و سعید بن جبیر و محمد بن سیرین، بەڵگە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) و هاوەڵانی یەک عومرەیان ئەنجام داوە لە ساڵێکدا.

ئەمە نابێتە بەڵگە، چونکە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هانی زۆر عومرە ئەنجام دانی داوە، کردەوەکەی نەفی وتەی ناکات، جا هەبووە شتێکی زۆر ئەنجام نەداوە بۆ ئەوە نەبێتە بارگرانی بۆ ئوممەتی، دەکرێت سەرقاڵ بووبێت بە کاروباری موسڵمانانەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام