سەردێری پرسیار:حوکمی مەقاماتی قورئان چیە؟

بەرواری دانان :2024-01-12 کۆدی پرسیار:3264

پرسیار:

پرسیار: حوکمی مەقاماتی قورئان چیە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: مەقامات زانستێک نییە داهێنراو بێت، بەڵکو کۆکراوەتەوە بەهۆی گەڕان و متابعە کردنی شێوازی دەنگەکان، کەسانی شارەزا مەقامەتی قورئانیان کردووە بە شەش مەقام:

١ـ (مقام البيات): خوێندنەوەیەکە بە خشوع کە دڵ ڕادەکێشێت و بیر لە ئایەتەکان دەکاتەوە.

٢ـ (مقام الرست): وشەیەکی فارسی یە مانای (الاستقامة) هەلدەگرێت، زۆربەی جار بۆ ئایەتەکانی چیڕۆک و تەشریع دەخوێندرێتەوە.

٣- (مقام النهاوند): ئەم خوێندنەوەیە بە سۆز و عاطفە و نەرمی جیا دەکرێتەوە، مرۆڤ هان دەدات بۆ خشوع و ووردبوونەوە لە ئایەتەکان و بیر لێکردنەوە، (نهاوند) شارێکە لە ئێران ئەم مەقامە دراوەتە پاڵ ئەم شارە.

٤- (مقام السيكا): ئەم مەقامە بەوە جیادەکرێتەوە هێواش و لەسەرخۆیە.

٥- (مقام الصبا): بە روحانی و سۆز و عاطفە جیا دەکرێتەوە.

٦- (مقام الحجاز): ئەمەیان ئەسلەکەی عەرەبی یە، دراوەتە پاڵ شاری حجازی عەرەبی، زیاتری هەموو مەقامەکانی تر روحانی و خشوعی تێدایە.

خوێندنەوەی قورئان لەسەر شێوازی مەقاماتەکان دوو حالەتە:

یەکەم: بە شێوازێک دەخوێنێتەوە کە شێوازی سروشتی خۆیەتی و بێ ئەوەی تەکەلوف لەخۆی بکات و لەحنێک دروست بکات، ئەمەیان دروستە و هیچ تێدانییە، بەڵکو سوننەتە ئەوەی قورئان دەخوێنێتەوە دەنگی خۆی خۆش بکات، هەروەک پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (ليس منَّا من لم يتغنَّ بالقرآن). أخرجه البخاري في صحيحه (7527).

دووەم: لەحنێک بۆ خۆی دروست دەکات لەسەر شێوازی مۆسیقا کە فێری ئەم جۆرە بووە بەهۆی زانست و ڕاهێنان لەسەر کردن، کە مقادیر و هەندێک ڕێژەیان داناوە بۆ دەنگ ئەگەر ئەمە نەکرێت لەحنەکە تەواو نەبووە، ئەمەیان دروست نییە، قورئان نابێت زیادەڕەوی تێیدا بکرێت و حورمەتی و گەورەییەکەی دەبێت پارێزراو بێت.

هەموو ئەوانەی زانستیان بە حالی پێشینەکان هەیە دەزانن کە ئەوان بەری بوون لە خوێندنەوەی قورئان بەشێوەی لەحنی مۆسیقا کە تەکلیفی لەخۆی کردووە بە حەرەکە و وەزن و ژمارەی دیاریکراو. (زاد المعاد) لابن القیم (1/493).

بەداخەوە خەڵکانێک زیادەڕەویان کردووە لە تەجوید و مەقامات بیر لە قورئان کردنەوە و تەفسیر و کردەوە پێکردنیان لەبیرکردووە، کە ئەمە مەبەستی سەرەکی قورئان خوێدنەوەیە، بەڵێ قورئان خوێندنەوە بە دەنگ سوننەتە بەڵام زیادەڕەوی نەکرێت و بەشێوازی موسیقا نەبێت لە هەیبەت و سومعە و گەورەیی قورئان بدرێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام