پرسیار: دایکم نەزری کردووە حەجێک ئەنجام بدات، مردووە و نەزرەکەی بەجێ نەگەیاندووە، ئایا واجبە لەسەر ئێمە بۆی ئەنجام بدەین؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەگەر کەسێک نەزری کردبێت بۆ حەج، ئەوە لەسەری واجبە وەفا بە نەزر بکات، ئەگەر مرد نەیتوانی ئەوە نزیکەکانی دەتوانن حەجی بۆ بکەن، ئەگەر مالی بەدوای خۆی بەجێ هێشت بوو ئەوە بە مالەکەی کەسێک حەجی بۆ دەکات، ئەگەر مالی نەبوو ئەوە زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون سوننەتە نزیکەکانی حەج بۆی بکەن، ظاهری یەکان بۆ ئەوە چوون واجبە بۆی بکەن، لەبەر وتەی: (حجي عنها)، بەڵام وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایان، چونکە:
یەکەم: کەس تاوانی کەس هەلناگرێت، ئەگەر قەزا نەکەنەوە ئەوە تاوانبار دەبن بەهۆی ئەو کەسەی کە نەزرەکەی بەجێ نەگەیاندووە، ئەمەش پێچەوانەی وتەی خوای گەورەیە کە دەفەرمووێت: ﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰۚ﴾ [فاطر: 18]
دووەم: فەرمان ئەگەر وەڵام بێت بۆ پرسیار مەرج نییە بۆ واجب بوون بێت، چونکە ظاهری وتەی: (أفأجح عنها؟)، واتە: ئایا دروستە حەجی بۆ بکەم و خێری بۆ دەڕوات.
بەڵام ئەگەر بڵێیت تەنها بۆ دایک و باوک واجبە لەبەر چاکە کردن لەگەڵ دایک و باوک ئەوە ڕوویەکی هەیە، لەبەر ئەوەی چاکە کردن لەگەڵ دایک و باوک واجبە بە مطلقی، جا لە ژیانیدا یان دوای مردن.