سەردێری پرسیار:حوکمی نییەت بۆ ڕۆژوو ؟

بەرواری دانان :2018-10-07 کۆدی پرسیار:328

پرسیار:

پرسیار // ئایا نییەت مەرجە بۆ ڕۆژوو وە لە چ کاتێک نییەت دەهێنی بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن نییەت مەرجە بۆ ڕۆژوو هەروەک چۆن مەرجە بۆ هەموو کردەوەکانی تر .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زانایان هەموویان یەک دەنگن هەر کردەوەیەک مەبەست پێی خودی کردەوەکە بێت ، وەک نوێژ ، ڕۆژوو ، حەج ، ئەمانە دروست نین ئیلا دەبێت نیەتی لەگەل بێت )) مجموعە فتاوی ابن تیمییە ج۱٨ لاپەڕە ۲٥۷

کەواتە دەبێت نیەتی لەگەل بێت ئەو ڕۆژووە هی مانگی ڕەمەزانە یان نەزرە یان گێڕانەوەی ڕۆژووە ، هەروەها نییەت بە دڵە نەک زمان ، وە هەروەها بۆ ڕۆژووی واجب دروستە نییەت بهێنی لە هەر کاتێکی شەو هەتا پێش بانگی بەیانی ، بەلگە :

عن حفصة ٲم الؤمنین عن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( من لم یبیت الصیام قبل الفجر فلا صیام له )) رواە ابو داود (۲٤٥٤) ، والترمذی (۷۳۰) ، والنسائی ، واحمد ، واتە : هەر کەسێک پێش فەجر (بانگی بەیانی ) نییەت نەهێنێت بۆ بەڕۆژوو بوون ڕۆژووی بۆی نییە .

وللدارقطني : (( لا صیام لمن لم یفرضه من اللیل )) واتە : ڕۆژوو نییە بۆ ئەو کەسەی کە لەسەر خۆی واجب نەکردووە واتە نییەتی نەهێناوە .

ئەم فەرموودەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مەبەست پێی ڕۆژووی واجبە ، ئەوەی کە لەسەری واجب دەکرێ ڕۆژووی واجبە ، بەلام ڕۆژووی سونەت ئەگەر نیەت بهێنێت بۆی دروستە بشکێنێت ، کەواتە نیەت بۆ ڕۆژووی سونەت مەرج نییە ئیلا لە شەودا بهێنی ، دروستە دوای خۆرهەلاتن بەڕۆژوو ببیت بۆ ڕۆژووی سونەت بەلام نابێت خواردنی خواردبێت دوای بانگی بەیانی، هەروەک فەرموودە هاتووە .

فەرموودەکە دەلێت : (( قبل الفجر )) واتە پێش فەجر ، کەواتە بە سەرەتای شەو دەست پێکردن کاتی نییەتە هەتا فەجر (بانگی بەیانی ) .

بەلام جیاوازی لەوەدایە ئایە ڕۆژووی ڕەمەزان دەبێت بۆ هەموو ڕۆژووێک نیەت بهێنی یان یەکجار بۆ هەموو مانگی ڕەمەزان بەسە ، دوو وتە هەیە :

یەکەم : هەندێک زانا دەلێن یەک جار نیەت هێنان بۆ هەموو مانگ بەسە ، ئەگەر ڕۆژووی نەشکاند بێت لەبەر نەخۆشی یان سەفەر ، کە ئەمە وتەی مالک ، اسحاق ، وتەیەکە لە وتەکانی احمد ، ابن عیثمین ، .....هتد ، بەلگە :

(۱) چونکە مانگی ڕەمەزان یەک کردەوەیە وەک کردەوەکانی تر ، وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( لکل امرئ ما نوی )) لێرە کەسەکە نییەتی یەک مانگ بەڕۆژوو بوونی هەیە ، کەواتە بە گوێرەی نییەتە .

دووەم : هەندێک زانا دەلێن دەبێت بۆ هەموو ڕۆژوویەکی ڕەمەزان نییەت بهێنێت بە جیا ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە ، شافعی ، وتەی بەناوبانگی احمدە ، ..... هتد ، بەلگە :

(۱) فەرموودەکە دەلێت (( قبل الفجر )) ، (( من لم یبیت )) ، فەرموودەکە وا دەگەیەنێت کە هەموو شەوێک نیەتی سەربەخۆی هەیە ، چونکە ڕۆژووی هەر ڕۆژێک عیبادەتە ، هەروەها شکاندنی هەندێک ڕۆژوو ڕۆژووەکانی تری ئەو مانگە پووچ ناکاتەوە ، ئەمە بەلگەیە کە هەر ڕۆژووێک نیەتی سەربەخۆی پێویستە .

سوودی جیاوازی نێوان ئەم دوو وتەیە بەوە بەدیار دەکەوێت ، ئەگەر کەسێک بخەوێت دوای نوێژی ئێوارە لە مانگی ڕەمەزاندا ، لە خەو هەڵنەستا هەتا دوای بانگی بەیانی ، لەسەر وتەی یەکەم ڕۆژووی دروستە چونکە سەرەتای مانگ نییەتی هێناوە ئەم مانگە بەڕۆژوو بێت ، نیەتی سەرەتای مانگ بۆی بەسە وە ئەسل وایە نیەتی ماوە ، بەلام لەسەر وتەی دووەم ڕۆژووەکەی دروست نییە چونکە شەو نیەتی نەهێناوە .

وتەی ڕاست وتەی یەکەمە . واللە اعلم

بەلام ئەگەر گومان هەبوو ئایە سبەی مانگی ڕەمەزانە یان نە ، ئایە دروستە بلێی ئەگەر سبەی ڕەمەزان بێت من بەڕۆژووم ؟

زانایان دەلێن نابێت چونکە نییەت دەبێت شتێکی بڕاوە بێت نابێت گومانی تێدا بێت ، ئەگەر بخەوێت دوای لەخەو هەستا دوای بانگی بەیانی وە دوای بانگ بۆی دەرکەوت ڕەمەزانە ، زانایان دەلێن ڕۆژوو دەگرێت و وە دوای ڕەمەزان قەزاش دەکاتەوە ( واتە ڕۆژوو دەگرێتەوە ) ، بەلام ابن تیمییە دەلێت ڕۆژووی دروستە و قەزا ناکاتەوە ، ابن عثیمین دەلێت وتەی ابن تیمییە ڕاستە لای من ، وە دەلێت نییەتی بڕاوە بۆ ئەو ڕۆژووە مەرجە کە زانستت هەبێت ئەم ڕۆژە ڕەمەزانە ، ئەگەر نەزانێت دوای بۆی دەربکەوێت و بەڕۆژوو بێت ئەوە ڕۆژووی دروست ، چونکە نییەت شوێن کەوتەی زانستە .

پوختەی وەلامی زانایان :

(١) نییەت مەرجە بۆ ڕۆژوو وەک هەموو کردەوەکانی تر ، وە دەبێت نیەت پێش بانگی بەیانی بهێنیت "واتە شەو " بۆ ڕۆژووی واجب ، بەلام ڕۆژووی سونەت ئەگەر شەویش نییەت نەهێنیت بەلکو بە ڕۆژ بهێنیت بەلام نابێت دوای بانگی بەیانی هیچت خواردبێت ، ئەمەیان دروسته .

(٢) نییەت ھێنان بۆ مانگی ڕەمەزان تەنها سەرەتای مانگ نییەت هێنان بەسە ، کە ئەمە وتەی ڕاستە .

(٣) ئەگەر گومان هەبوو لە مانگی ڕەمەزان وتەی ڕاست وتەی ابن تیمییە کە نییەت شوێنی کەوتەی زانستە ڕۆژووی دروستە . واللە اعلم

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام