پرسیار: حوکمی خۆشۆردن کاتی ئیحرام بەستن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن سوننەتە خۆت بشۆیت کاتی ئیحرام، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، هەندێک زانا ئیجماع نەقل دەکەن، لەبەر ئەوەی پاک و خاوێنی و چالاک بوونی لاشەیە، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئەم خۆ شۆردنە بۆ هەموو کەسێکە کە بییەوێت ئیحرام ببەستێت، هەتا ئەگەر ئافرەتیش بێت لە حەیز و نیفاسیشدا بێت، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، لەبەر ئەوەی کاتێک أسماء بنت عمیس مناڵی بوو وتی چی بکەم، پێغەمبەری خوا فەرمووی: (اغتسلي، واستثفري بثوب، وأحرمي ...)، ئەگەر فەرمان کرابێت بەو ئافرەتەی لە خوێنی نیفاس دایە خۆی بشوات کە نوێژ بۆی حەلال نییە ئەنجامی بدات، ئەوە محرم لەپێشترە بۆی خۆی بشوات.
ابن حزم بۆ ئەوە چووە خۆشۆردن لەسەر ئافرەت ئەگەر لە خوێنی حەیزدا بێت واجبە بەڵام خوێنی حەیز واجب نییە، وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایانە کە سوننەتە نەک واجب بێت، ابن منذر ئیجماع نەقل دەکات کە ئیحرام دروستە بێ خۆشۆردن.
ئەگەر خۆی نەشۆرد ئەوە دەست نوێژ دەگرێت، ئەگەر ئاوی دەست نەکەوت یان زستان بوو زۆر سارد بوو، ئەوەی بەناوبانگ بێت لە مەزهەبی ئەحمەد سوننەت نییە تەیەمموم بکات، چونکە خۆشۆردن بۆ ئیحرام مەبەست ئەوەیە پاک بێتەوە و بۆنی نەمێنێت، بە تەیەمموم ئەنجام دان ئەمە ناهێتەدی، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەیەمموم دەکات، چونکە بەدیلی دەست نوێژە، بەڵام وتەی ڕاست ئەوەیە تەیەمموم ناکات، واللە أعلم. (المغني) (٥/٧٦)، (مفید الأنام) (١/٩٢-٩٣).
ابن تیمیة بۆ ئەوە چووە سوننەت نییە تەیەمموم بکات، چونکە ئەمەیان خۆشۆردنە نەک بۆ جەنابەتە تا بێ نوێژی لابدات، بەڵکو ئەمە شۆردنێکە بۆ پاک بوونەوە و گورج بوونە بۆ ئەنجام دانی کردەوە، ئەگەر ئاو نەبوو تەیەمموم ناکات. (فتح ذي الجلال والإکرام) (٨/١٢٢).