پرسیار: حوکمی کەسێک چیە کە بە ئەنقەست بە لەشی پیسەوە نوێژ بکات و دەڕوات بۆ نوێژی جومعە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ پاک و خاوێنی لاشە و جل و بەرگ و شوێن مەرجە بۆ دروستی نوێژ لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی حەنەفی و شافعی و حەنابلەیە، وتەیەکە لە وتەکانی مالکی. (المجموع) (3/132)، (المغني) (2/48).
٢ـ هەر کەسێک نوێژ بکات پیسی بە لاشەی یان جل و بەرگی یەوە بێت لەبیری کردبێت یان نەزان بێت، ئەوە نوێژی دروستە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و وتەی کۆنی شافعی و ابن منذر و النووی و ابن تیمیە و ابن قیم و ابن باز و ابن عثیمینە. (شرح عمدة الفقه - كتاب الصلاة) لابن تيمية لاپەڕە (٤١٩)، (الإنصاف) للمرداوي (١/٣٤١)، (بدائع الفوائد) (٣/٢٥٨).
٣ـ هەر کەسێک نوێژ ئەنجام بدات بە لاشەی پیسەوە بە ئەنقەست، واجبە لەسەری نوێژ دووبارە بکاتەوە، ئەگەر نوێژی هەینی بوو واجبە لەسەری نوێژی نیوەڕۆ بکاتەوە.
تێبینی: لاشە ئەگەر تەنها بۆن عەرەقەی لێ بێت، ئەوە عەرەق خاوێنە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، بەڵام دەبێ خۆی بۆن خۆش بکات و بشوات بۆ ئەوەی نوێژ خوێنان ئەزیەت نەدات.