پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوەیەک بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: سُئلَ النَّبيُّ (ﷺ) عنِ القِرَدةِ والخَنازيرِ أهي ممَّا مُسِخَ فقال: (إنَّ اللهَ عزَّ وجلَّ لم يُهلِكْ قومًا أو يَمسَخْ قومًا فيجعَلَ لهم نَسلًا ولا عاقبةً وأنَّ القِرَدةَ والخَنازيرَ خُلِقوا قبلَ ذلك)؟
وەڵام: عن عبد اللە بن مسعود رضي اللە عنە قال: سُئلَ النَّبيُّ (ﷺ) عنِ القِرَدةِ والخَنازيرِ أهي ممَّا مُسِخَ فقال: (إنَّ اللهَ عزَّ وجلَّ لم يُهلِكْ قومًا أو يَمسَخْ قومًا فيجعَلَ لهم نَسلًا ولا عاقبةً وأنَّ القِرَدةَ والخَنازيرَ خُلِقوا قبلَ ذلك). أخرجە مسلم مطولا (٢٦٦٣).
واتە: لە عبد اللە بن مسعود دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پرسیار کرا لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەبارەت بە مەیموون و بەراز ئایا لەوانەن کە مەسخیان بەسەردا هاتووە، فەرمووی: (خوای گەورە هیچ قەومێک لەناو نابات یان مەسخ ناکات دواتر دوای مەسخ نەوەیان ببێت، مەیموون و بەراز پێشتر دروستکراون).
سوودەکانی فەرموودەکە:
١- فەرموودەکە بەڵگەیە نەوەی ئیسرائیل تووشی مەسخ بوون، خوای گەورە سزای دان و شێوەیانی گۆڕی بۆ شێوەی مەیموون و بەراز، ئەم گۆڕینە ڕاستەقینە بووە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: (قُلْ هَلْ أُنَبِّئُكُم بِشَرٍّ مِّن ذَلِكَ مَثُوبَةً عِندَ اللّهِ مَن لَّعَنَهُ اللّهُ وَغَضِبَ عَلَيْهِ وَجَعَلَ مِنْهُمُ الْقِرَدَةَ وَالْخَنَازِيرَ وَعَبَدَ الطَّاغُوتَ) [المائدة: ٦٠].
واتە: خوای گەورە دەفەرمووێت: (ئەی پێغەمبەر بەوانە بڵێ کە تانە لە دینەکەتان دەدەن: ئایا خەبەرتان پێ بدەم بەوەی کە پاداشتی خراپتره لەوەی کە گومان دەبەن بەسەر ئێمەدا بێت، ئەوانەن کە خوا نەفرەتی لێ کردوون و غەزەبی لێ گرتوون و ھەرگیز لێیان ڕازی نابێت، هەروەها خوای گەورە ھەندێکی لەوان کردە مەیموون و بەراز و ئەوانەشی کە دەستیان دایە تاغوت پەرستی).
٢- پاداشت لە جنسی کردەوەیە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَقُلْنَا لَهُمْ كُونُوا قِرَدَةً خَاسِئِين﴾: واتە: وتمان: ببنه مهیموونی دوورخراوه له ڕهحمهتی خوا، ئەم مەسخە ڕاستەقینەیە، واتە شێوەیان بوو بە مەیموون.
ئەمانە سزادران بە جنسی کردەوەی خۆیان، چونکە ئەم فێلەیان کرد وایان دەرخست شێوەیان شێوەیەکی ڕێگەپێدراوە، کەچی لە ڕاستیدا حەڕام بوو، ئەمانە سزا دران بەوەی بوون بە مەیموون کە وەک شێوەی مرۆڤە و مرۆڤیش نییە، پاداشت لە جنسی کردەوەیان بوو، هەروەک خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا﴾ [الشورى: 40]،
هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَكُلًّا أَخَذْنَا بِذَنْبِهِ﴾ [العنكبوت: 40].
ابن کثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (کاتێک جوولەکەکان ئەمەیان کرد خوای گەورە شێوەیان کرد بە شێوەی مەیموون، لە ڕووکەشدا وەک مرۆڤ وایە، بەڵام مرۆڤ ڕاستەقینە نییە، کردەوەی ئەوان و فێلیان وەک ڕاستی یە لە ڕووکەشدا، لە ناخەوەش باطلە، پاداشتان لە جنسی کردەوەکەیانە). تفسیر ابن کثیر (١/١٥٠).
٣- هەر قەومێک خوای گەورە شێوەیانی گۆڕی بێت نەوەیان نەبووە و ماوەیەکی کەم دواتر ژیاون، نەقل کراوە دوای سێ ڕۆژ مردوون، ئەو مەیموون و بەرازەی ئێستا نەوەی جولەکەکان نییە، چونکە:
یەکەم: دوای گۆڕینی شێوەیان نەوەیان نەدەبوو.
دووەم: ماوەیەکی کەم ژیاون دوای مەسخ.