سەردێری پرسیار:حوکمی بە ڕۆژوو بوونی عاشورا بە تەنیا ؟

بەرواری دانان :2018-10-07 کۆدی پرسیار:332

پرسیار:

پرسیار // ئایا ئەگەر تەنھا ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو ببم تاوانی یەک ساڵ دەسڕێتەوە ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن ھەر کەسێک تەنھا ڕۆژی دەیەم لە مانگی محڕەم بەڕۆژوو ببێت دەبێتە کەفارەتی تاوانی ساڵێک ، پاداشتی کەم نابێت بەلام لەگەڵ ئەمەش جیاوازی ھەیە :

(١) ھەندێک زانا دەلێن باش نییە تەنھا ڕۆژی دەیەم بەڕۆژوو ببیت ، چونکە خۆ چوواندنە بە ئەھلی کتاب ، کە ئەمە وتەی بەناوبانگی ابن عباس و ئەحمەد و ھەندێک حەنەفییەکانە .

(٢) ھەندێک زانای تر دەلێن ھیچ کەراھەتی تێدا نییە ئەگەر تەنھا ڕۆژی دەیەم بەڕۆژوو ببیت .

کەواتە زۆربەی زانایان دەلێن باش نییە تەنھا ڕۆژی دەیەم بەڕۆژوو بێت ئەگەر توانای بەڕۆژوو بوونی ھەبێت ، بەلام لەگەڵ ئەمەش پاداشتی کەم نابێت و ناتوانی بلێیت نابێتە کەفارەتی تاوانی ساڵێک چونکە فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە .

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ڕۆژووی عاشورا کەفارەتی تاوانی ساڵێكە ، کەراھەتی تێدا نییە ئەگەر بە تەنیا بگریت . )) فتاوی الکبری ج٥

زانایانی اللجنە الدائمە دەلێن : (( دروستە ڕۆژی عاشورا بە تەنھا بەڕۆژوو ببیت ، بەلام باشتر وایە ڕۆژێک پێش یان پاش بەڕۆژوو ببیت ، کە سونەت جێگیر بووە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " ئەگەر من بمێنم بۆ ساڵی داھاتوو ئەوە ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبم " رواە مسلم ، ابن عباس دەفەرمووێت : واتە ڕۆژی نۆیەمیش لەگەڵ ڕۆژی دەیەم دەگرم )) "اللجنة الدائمة للبحوث العلمية والإفتاء" ( 11/401 ) .

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( کەڕاھەتی تەنھا بەڕۆژوو بوونی ڕۆژی عاشورا شتێک نییە ھەموو زانایان لەسەری یەک دەنگ بن ، چونکە ھەندێک زانا دەلێن ھیچ کەڕاھەتی تێدا نییە ئەگەر بە تەنھا بگریت ، بەلام باشتر وایە ڕۆژێک پێشی یان ڕۆژێک پاشی لەگەڵ بگریت ، ڕۆژی نۆیەم لەگەڵی بگریت باشترە لە ڕۆژی یازدەم ، واتە باشتر وایە ڕۆژێک پێشی بگریت لەبەر وتەی پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " ئەگەر من بمێنم بۆ ساڵی داھاتوو ئەوە ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبم " واتە ڕۆژی نۆیەمیش بەڕۆژوو دەبم لەگەڵ ڕۆژی دەیەم ، زانایان دەلێن عاشورا سێ حالەتی ھەیە :

حالەتی یەکەم // ڕۆژێک پێش عاشورا یان ڕۆژێک پاش عاشورا لەگەڵی دەگریت .

حالەتی دووەم // تەنھا ڕۆژی عاشورا بەڕۆژوو دەبیت .

حالەتی سێیەم // ڕۆژی پێش و پاش عاشورا لەگەڵ عاشورا دەگریت " واتە سێ ڕۆژ لەسەر یەک " .

دەلێن باشتر وایە ڕۆژی پێش وپاشی لەگەڵ بگریت " واتە سێ ڕۆژ لەسەر یەک " ، پاشان باشترا وایە ڕۆژی نۆیەم و دەیەم بگریت ، پاشان باشتر وایە ڕۆژی دەیەم و یازدەم بگریت ، پاشان تەنھا ڕۆژی دەیەم بگریت ، ئەوەی بۆ من دیار بێت تەنھا ڕۆژی دەیەم بەڕۆژوو بوون مکروھ نییە ، بەلام باشتر وایە ڕۆژێک پێش یان پاش لەگەڵی بگریت . )) مجموع فتاوى و رسائل الشيخ محمد صالح العثيمين المجلد العشرون - كتاب الصيام .

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام