پرسیار: ئەگەر کەسێ زێڕ یان هەر شوێنەوارێکی تری بە نرخ لە نێو ئەرزی کەسێکی تر بدۆزێتەوە ئایا زێڕەکە ئەبێتە مولکی کێ، دۆزەرەوە یان خاوەن ئەرز یان حکومەت؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ (رکاز)، واتە: خەزێنە، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون مالێکە لەژێر زەوی دانراوە لە سەردەمی جاهلی، جا زێڕ بێت یان زیو یان هەر شتێکی تر، نیشانەی سەردەمی جاهلی لەسەری هەیە وەک ناوی پاشەکە یان کاتەکەی، ئەگەر ئەمە نەبوو ئەوە دەبێت گەڕان بکرێت بۆ خاوەنەکەی و حوکمی شتی بزربووی هەیە، دەبێ ساڵێک بانگەوازی بکات بۆ دۆزینەوەی خاوەنەکەی.
٢ـ واجبە زەکاتی خەزێنە بدرێت، کە هەموو زانایان یەک دەنگن زەکاتی خەزێنە لە پێنج بەش یەک بەش زەکاتی لێ دەردەکرێت.
٣ـ خەزێنە نصابی نییە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلە و وتەی کۆنی شافعی یە.
٤ـ ئەگەر خەزێنە لەسەر زەوی کەسێک دۆزرایەوە زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون بۆ خاوەنی زەویەکەیە، کە ئەمە وتەی مالکی و حەنەفی و شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، ئیمام ئەحمەد وتەی هەیە بۆ ئەو کەسەیە کە دەیدۆزێتەوە. (الموسوعة الفقهية) (23/106).
٥ـ پێنج یەکی خەزێنە دەدرێت بە کێ جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون لە بەرژەوەندی موسڵمانان سەرف دەکرێت، تایبەت نییە بە هەشت صنفی زەکات، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و حەنابلە و وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ابن حزم، بەڵگە:
ـ خەزێنە وەک غەنیمە وایە و هەمان حوکمە، بۆیە وەک غەنیمە لە بەرژەوەندی موسڵمانان سەرف دەکرێت. (بدائع الصنائع) للكاساني (2/65)، (المحلى) لابن حزم (7/324 رقم 948)، (الدرر البهية والروضة الندية والتعليقات الرضية) (1/49).
ـ وتەی: (وفي الرکاز الخمس)، (ال) لە وتەی: (الخمس) بۆ (عهد)ە، واتە: ئەو پێنج یەکەی زانراوە لە ئیسلام کە وەک پێنج یەکی غەنیمە وایە و وەک ئەو سەرف دەکرێت.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دەدرێت بە هەشت صنفی زەکات.