پرسیار // ئایا کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بوو وە بە گومانە لەوەی قەزای کردۆتەوە یان نا ، چی بکات ؟ ئایا ئەگەر نەزانێت چەند ڕۆژووی لەسەرە لەم حالەتە چی بکات ؟
وەلام // زانایان دەلێن ئەوەی ڕۆژووی قەرزی لەسەر بێت بۆ قەزا کردنەوە ئایا قەزای کردۆتەوە یان نە ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم // دڵنیایە کە ڕۆژووی قەرزی قەزا کردۆتەوە ، ئەمەیان ھیچ کێشەی نییە .
حالەتی دووەم // گومانی بە زۆری بۆ ئەوە دەچێت کە قەزای کردۆتەوە یان بەزۆری بۆ ئەوە دەچێت کە قەزای نەکردۆتەوە لەم حالەتە کار بە گومانە زۆرەکەی خۆی دەکات .
حالەتی سێیەم // بە گومانە لە نێوان قەزا کردن و قەزا نەکردن ، واتە سەدا پەنجا بۆ ئەوە دەچێت کە قەزای کردۆتەوە وە سەدا پەنجای تریش بۆ ئەوە دەچێت کە قەزای نەکردۆتەوە ، لەم حالەتە وا حساب دەکات کە قەزای نەکردۆتەوە دەبێت ڕۆژووەکان بگرێتەوە .
کار کردن بە زۆری گومان لە شەرع دا ڕێگەوە پێدراوە و بەلگە لەسەری ھاتووە .
پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( إِذَا شَكَّ أَحَدُكُمْ فِي صَلَاتِهِ فَلْيَتَحَرَّ الصَّوَابَ فَلْيُتِمَّ عَلَيْهِ ثُمَّ لِيُسَلِّمْ ثُمَّ يَسْجُدُ سَجْدَتَيْنِ )) رواه البخاري (401) ، ومسلم (572).
واتە : ئەگەر یەکێک لە ئێوە تووشی گومان بوو ئەوە با لە صواب بگەڕێ و نوێژی تەواو بکات و پاشان سەلام بداتەوە و پاشان دوو سوجدەی سەھو ببات .
ابن تیمییە ڕەحەمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مەبەست بە صواب گەڕان ئەوەیە کار کردنە بە زۆری گومان ، ..... )) "مجموع الفتاوى (23/5-16) .
ئەگەر کەسێک دڵنیا نییە و نازانێت چەند ڕۆژووی لەسەرە ئەم سێ حالەتانەن :
حالەتی یەکەم // ئەگەر گومانی زۆری بۆ ژمارەیەک بڕوات ، لەم حالەتە کار بە گومانە زۆرەکەی خۆی دەکات .
حالەتی دووەم // ئەگەر گومانی بۆ دوو ژمارە بڕوات وەک یەک ، واتە سەدا پەنجا بۆ ئەوە دەڕوات کە ١٠ ڕۆژووی لەسەرە وە سەدا پەنجا بۆ ئەوە دەڕوات کە ١٥ ڕۆژووی لەسەرە ، لەم حالەتە ١٥ ڕۆژووەکە دەگرێت .
حالەتی سێیەم // ئەگەر گومانی بۆ ھیچ ژمارەیەک نەچوو ، لەم حالەتە خۆی ژمارەیەک ڕۆژوو ھەلدەبژێرێ کە تووشی گومان نەبێت کەمە یان نە ، واتە ژمارەیەک ھەلبژێرێ دڵنیا بێت بە زیادەوە ھەلیبژاردووە و ڕۆژووی گرتووە نەک کەم .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ