پرسیار: ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەو دکتۆرانەی هەدیە وەردەگرن لەسەر نووسینی دەرمانی کۆمپانیاکانی دەرمان؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ واجبە لەسەر دکتۆر ڕاستگۆ بێت لە پیشەکەیدا و خیانەت نەکات، دەرمانێک بنووسێت سوودی بۆ نەخۆش و سوودی بۆ سومعەی خۆی هەبێت.
٢ـ دروست نییە دکتۆر هەدیە وەربگرێت لە کۆمپانیاکانی دەرمان، ئەمەیان داخلی ڕەشوە دەبێت ئەگەر چی بەناوی هەدیە و هەر شتێکی تر بێت، ناوەکان ڕاستەقینەکان ناگۆڕن.
٣ـ دکتۆر لە دەوامی حوکمی بێت یان ئەهلی یان عیادەی خۆی بێت دروست نییە هەدیە وەربگرێت لەسەر نووسینی دەرمانی کۆمپانیا، چونکە متمانە بە دکتۆر کراوە بۆ تەندروستی نەخۆش، دەبێت باشترین شت بۆ نەخۆش بنووسێت، ئەم هەدیە وەرگرتنە ئەم ئەمانەتە لاواز دەکات.
٤ـ بەداخەوە کۆمپانیاکان کاتێک نرخ بۆ دەرمان دادەنێن حسابی (١٠٪) دکتۆر و (١٠٪) دەرمانخانە دەکەن بۆ هەدیە و بەرتیل و ڕەشوە، لەلایەکی تریشەوە حوکمەتیش باری کۆمپانیای گران کردووە بە باج و گومرک و هۆکاری تر، هەردوولا بوونەته هۆکار دەرمان لەسەر نەخۆش گران بێت، کێشە ئەوەیه خەڵک تەنها گلەیی لە حوکمەت دەکات کەچی حوکمەتیش لەو خەڵکە پێک هاتووە، ئەگەر ڕۆشنبیرترین چینی کۆمەڵگا کە دکتۆرە و بەرزترین شەهادەی هەیە ئەمە پیشەی بێ ئەی دەبێ خەڵکی تر چۆن بێ؟!
دکتۆر دەبێ تەقوای خوا بکات و بە چاوی ڕەحمەت سەیری نەخۆش بکات بەتایبەتی هەژارەکان، ئاگای لە کەسایەتی خۆی بێت، چونکە پیشەکەی زۆر هەستیارە و زۆرجار دەبێت هۆکاری مردنی خەڵک، دەرمان لەخواردن گرینگرە شتی خراپ نەدات بە نەخۆش یان دەرمانی زیادە بۆ نەخۆش نەنووسێت و بازرگانی بە نەخۆشەوە نەکات.