پرسیار: بۆچی نوێژی جەماعەت (٢٥) یان (٢٧) دەرجە خێرترە لە مالەوە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- نوێژی جەماعەت خێرترە لە مالەوە بە (٢٥) دەرجە یان (٢٧) دەرەجە، ئەمەیان تایبەتە بە پیاو لە مزگەوت، سەبارەت بە ئافرەت نوێژی لە مالەوە خێرترە لە مزگەوت.
٢- نوێژ کردن بە جەماعەت لە دەرەوەی مزگەوت هەمان خێری نوێژی جەماعەتی مزگەوتی نییە، گومانی تێدانییە نوێژ کردن بە جەماعەت خێری زیاترە لەوەی بە تەنیا ئەنجام بدەیت، بەڵام وەک نوێژی جەماعەتی مزگەوت نییە و هەمان پلەی نییە.
٣- سەبارەت بە حیکمەتی نوێژی جەماعەت دەڵێن:
ـ هۆکارە بۆ چاندنی برایەتی لەنێوان موسڵمانان و یەکتر ناسین.
ـ بەدیارکەوتنی دروشمێکی گەورەی ئیسلام.
ـ ڕاهاتنی ئۆممەتی ئیسلامی لەسەر کۆبوونەوە و تەبا بوونیان و نەمانی ناکۆکی و تەفرەقە.
ـ ڕاهێنانی موسڵمان لەسەر جلەوی نەفس گرتن، شوێن کەوتنی ئیمام لە نوێژدا ڕاهێنانی نەفسە لەسەر دەست بەسەر نەفسدا گرتن.
ـ هەست کردنی موسڵمانان بە یەکسانی.
ـ پرسینی حاڵی موسڵمانان و هەژارەکان و نەخۆشەکان و هاوکاری کردنیان و یەکتر فێری دین کردن و ئامۆژگاری یەکتر کردن.
ـ هاندان و گورج بوونی موسڵمانان لەسەر عیبادەت.
ـ کۆبوونەوەی موسڵمانان لە کاتێکی دیاری کراودا پەروەردەیان دەکات نوێژ لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەن.