سەردێری پرسیار:حوکمی مەرج دانان لەگەڵ فرۆشتن؟ نموونە: خانوو دەفرۆشم بەڵام مەرج دادەنێم تا دوو مانگ لەناوی دەمێنمەوە؟

بەرواری دانان :2024-03-03 کۆدی پرسیار:3377

پرسیار:

پرسیار: حوکمی مەرج دانان لەگەڵ فرۆشتن؟ نموونە: خانوو دەفرۆشم بەڵام مەرج دادەنێم تا دوو مانگ لەناوی دەمێنمەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: وتەی ڕاست دروستە فرۆشیار مەرجێکی زانراو دابنێت بۆ سوود وەرگرتن لەو شتەی دەفرۆشێت، وەک: سوار بوون لەو وشترەی دەفرۆشێت تا دەگاتە مالەوە، یان خانوو دەفرۆشێت بەڵام مەرج دادەنێت تا دوو مانگ لەناو خانووەکە دەمێنێتەوە، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەم مەرج دانانە، سێ وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون ئەم مەرج دانانە دروست نییە و گرێبەستەکەش دروست نییە، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و مالک و شافعی یە، ئیمام مالک ڕێگەی داوە مەرج دابنرێت بۆ ماوەیەکی نزیک، وەک سێ ڕۆژ، چونکە:

- ئەم مەرج دانانە نەفی داواکراوی عەقد دەکات، وەک ئەوە وایە شتت پێ دەفرۆشم بەڵام تەسلیمت ناکەم.

- فەرموودەی جابر هاتووە دەفەرمووێت: (نهی رسول اللە (ﷺ) عن الثنیا)، مانای: (الثنیا) ئەوەیە شتێک دەفرۆشیت و استثناء دادەنێت، واتە: شتێکی لێ دەردێنیت.

- هەروەها فەرموودەی عمرو بن شعیب عن أبیە عن جدە دەفەرمووێت: (پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەهی کردووە لە فرۆشتن و مەرج دانان)،

- سەبارەت بە فەرموودەی جابر کە مەرجی داناوە سواری وشترەکە بێت تا دەگاتە مالەوە، پێغەمبەری خوا نەی ویستووە لێی بکڕێت، بەڵکو ویستوویەتی بە هەدیە بدات بە جابر، لەبەر تەواوکەری فەرموودەکە: (أتراني ما کستك لآخذ جملك)، هەروەها ڕیوایەت هاتووە دەفەرمووێت: (أن النبي (ﷺ) أعارە ظهرە إلی المدینة).

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە یەک مەرج دابنرێت، کە ئەمە وتەی ئەوزاعي و ئەحمەد و ئیسحاق و ابن منذرە، ئەگەر دوو مەرجی دانا فرۆشتنەکە باطل دەبێت، بەڵگە:

- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (لا یحل سلف وبیع، ولا شرطان في بیع، ولا تبع ما لیس عندك).

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە هەر مەرجێک دابنرێت کە زانراو بن و کڕیار و فرۆشیار ڕازی بن لەسەری، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمیة و ابن قیم و سعدي یە، بەڵگە:

ـ عَنْ جَابِرِ بنِ عَبْدِ اللَّهِ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّهُ كَانَ عَلَى جَمَلٍ لَهُ قَدْ أَعْيَا فَأَرَادَ أَنْ يُسَيِّبَهُ قَالَ: فَلَحِقَنِي النَّبِيُّ (ﷺ) فَدَعَا لِي وَضَرَبَهُ فَسَارَ سَيْرًا لَمْ يَسِرْ مِثْلَهُ، فَقَالَ: (بِعْنِيهِ بِأُوقِيَّةٍ) قُلْتُ: لا، ثُمَّ قَالَ: (بِعْنِيهِ) فَبِعْتُهُ بِأُوقِيَّةٍ وَاشْتَرَطْتُ حُمْلانَهُ إِلَى أَهْلِي، فَلَمَّا بَلَغْتُ أَتَيْتُهُ بِالْجَمَلِ، فَنَقَدَنِي ثَمَنَهُ ثُمَّ رَجَعْتُ، فَأَرْسَلَ فِي أَثَرِي فَقَالَ: (أَتُرَانِي مَاكَسْتُكَ لِآخُذَ جَمَلَكَ خُذْ جَمَلَكَ وَدَرَاهِمَكَ فَهُوَ لَكَ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ، وَهَذَا السِّيَاقُ لِمُسْلِمٍ.

واتە: لە جابر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت لەسەر وشترێک بوو ماندووبوو نەیتوانی بڕوات ویستی بەرەلای کا، وتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) گەیشت بەمن دوعای بۆ من کرد و زەڕبەیەکی لێدا وشترەکە ڕۆیشت بە ڕێگادا هەرگیز بەو شێوەیە نەڕۆیشتووە، فەرمووی: (پێم بفرۆشە بە یەک ئۆقیە)، وتم: نەخێر، پاشان فەرمووی: (پێم بفرۆشە)، منیش پێم فرۆشت بە یەک ئۆقیە مەرجم دانا لێی سوار دەبم تا دەگەمەوە مالەوە، کاتێک گەیشتم بە وشترەوە هاتم بۆ لای، پارەکەی بەمندا پاشان گەڕامەوە، کەسێکی نارد بەدوای منەوە فەرمووی: (تۆ وا گومان دەبەیت قسەم لەگەڵ تۆ کرد بۆ ئەوەی نرخی وشترەکەت کەم بکەمەوە، وشترەکەت بگرە و درهەمەکەشت بگرە بۆ خۆت).

فەرموودەی جابر ڕوون و ئاشکرایە کە دەفەرمووێت: (پێم فرۆشت و مەرجم دانا لێی سوار دەبم تا دەگەڕێمەوە مالەوە).

- پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (المسلمون علی شروطهم، إلا شرطا حرم حلالا أو أحل حراما).

وتەی ڕاست وتەی سێیەمە، لەبەر ئەوەی ئەو مەرجانە حەرامن کە ستەم و غەش و ڕیبای تێدایە، سەبارەت بە بەڵگەی ئەوانەی قەدەغە دەکەن دەڵێین:

- (نهی عن الثنیا)، ئەوایە: هەندێکی دەفرۆشی و هەندێکی تر دەردێنی نافرۆشی بێ ئەوەی دیار بکەی کە جەهالەتی تێدایە، ئەگەر شتەکە زانراو بێت هیچی تێدانییە یان مەرجە زانراو بێت هیچی تێدانییە.

- پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە هەدیە پێیداوە نەی ویستووە لێی بکڕێت، دەڵێین ڕوون و ئاشکرایە کە خۆی دەڵێت: (پێم فرۆشت)، مەرجی دانا و پێغەمبەری خوا (ﷺ) قبولی کرد، ئەگەر بۆ تاقیکردنەوە یان هەدیەش بوایا ئەم حوکمی ڕوون دەکردەوە ئەگەر حەرام بوایا، دانی بەم مەرجە ناوە ئەگەر باطل بوایا هەرگیز دانی پێ نەدەنا.

- سەبارەت بەوەی بە عاریە وەریگرتووە دەڵێین چەندین ڕیوایەتی صحیح هاتووە زۆرتر و صحیح تر لەم ڕیوایەتە، چۆن دەبێت ئەم هەموو ڕیوایەت صحیح و محفوظانە پشت گوێ بخەیت بۆ یەک ڕیوایەت؟! دەبێت کردەوە بە صحیح ترین بکرێت.

- سەبارەت بە وتەی مالک بۆ دووری و نزیکی هیچ بەڵگەی نییە، فەرموودەی باب نابێتە ڕێگر بۆ دوور و نزیکی.

- سەبارەت بە بەڵگە: (ولا شرطان في بیع)، ئەمەیان باسی ئەو مەرج دانانەیە کە ڕیبای تێدایە، (بیع العینة).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام