پرسیار: ئوتومبێلێکم کڕیوە لەڕێگایە لە دەرەوەی ولات بەڕێ کەوتووە، دروستە لەڕێگایە بفرۆشم؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەم ئوتومبێل فرۆشتنە دوو حالەتە:
یەکەم: گرێبەستەکە تەواو بووە ئوتومبێلەکەی کڕیوە، فرۆشیاریش هەلدەستێت بە ناردنەوەی ئوتومبێل بۆ کڕیارەکە بە یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوە، لەم حالەتە لەژێر ضمانی فرۆشیاردایە تا دەگاتە دەستی کڕیار، ئەگەر تیابچێت ضمان لەسەر فرۆشیارە، بە وەصل وەرگرتن کڕیار نابێتە خاوەنی و نەهاتۆتە ژێر مولکی تا وەری دەگرێت، بۆیە لەم حالەتە کڕیار ناتوانێت بفرۆشێتەوە بە کەسێکی تر تا دەگاتە دەستی، چونکە:
١- شتەکەی فرۆشتووە پێش ئەوەی وەربگرێت، ئەمەشیان نەهی لێی کراوە.
٢- قازانجی لە شتێک کردووە هێشتا ضمان نەکراوە، نازانیت بە سەلامەتی دەگات یان نە، ئەمەشیان نەهی لێی کراوە. (مجلة مجمع الفقه الإسلامي) (6/1/491).
دووەم: گرێبەستەکە تەواو بووە ئوتومبێلەکەی کڕیوە، فرۆشیاریش هەلناستێت بە ناردنەوەی ئوتومبێل بۆ کڕیارەکە بە یەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوە، بەڵکو کڕیار وەکیلێک دەگرێت پێی هەلسێت، لەم حالەتە شتەکە لەژێر بەڵێن و ضمانی فرۆشیار دەرچووە و هاتۆتە ژێر ضمانی کڕیار، لەم حالەتە مولکی کڕیارە و دروستە تەسەروفی تێدا بکات و بفرۆشێت، چونکە وەکیلەکەی وەریگرتووە.
ئەگەر ئوتومبێلەکە لە ڕێگا بفرۆشێت پێش ئەوەی بگات، ئەوە ئەم فرۆشتنە پێی دەڵێن (بیع العین الغائبة)، ئەمەیان دروستە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کڕیار مافی ئەوەی هەیە گرێبەستەکە هەلوەسێنێتەوە ئەگەر کاتی گەیشتن وەسفەکانی پێچەوانەی ئەو وەسفانە بوون کە بۆی باسکراوە.