سەردێری پرسیار: نصابی زەکاتی پارە لەسەر نصابی زێڕ قیاس دەکرێت یان زیو؟ ئێستا لای خۆمان ئەمساڵ لەسەر زیو نصاب دیارکراوە ئەمە تا چەند ڕاستە؟

بەرواری دانان :2024-03-18 کۆدی پرسیار:3411

پرسیار:

پرسیار: نصابی زەکاتی پارە لەسەر نصابی زێڕ قیاس دەکرێت یان زیو؟ ئێستا لای خۆمان ئەمساڵ لەسەر زیو نصاب دیارکراوە ئەمە تا چەند ڕاستە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:

١ـ حەدی نصابی زێڕ (١٩.٥) مسقاڵ عەیار (٢١)، یان (١٧) مسقال عەیار (٢٤)، یان (٢٢.٥) مسقال عەیار (١٨)، حەدی نصابی زیو دەکاتە (٥٩٥) غرام، واتە: (١١٩) مسقال زیو، زێڕ یان زیو جارانی نرخیان دەکەیت نصابی پارە دەردێت.

نموونە: زێڕ نرخی مسقال (٤٥٠٠٠٠) دینارە، (١٩.٥) سقال × (٤٥٠٠٠٠) دینار = (٨٧٧٥٠٠٠) دینار نصابی پارە، واتە: دەبێ ئەوەندە پارەت هەبێ تا زەکاتی لێ دەربکەیت، هەروەها دەبێ ساڵێکیشی بەسەردا سووڕابێتەوە.

نسابی زێڕی عەیار ٢٤ دەکاتە ٨٥غرام، ڕاستە فەرموودە هاتووە دەفەرمووێت دەبێت بیست دیناری زێڕت هەبێت ئەوجا زەکاتی لێ دەکەوێت، ئەو دینارەش یەک مسقال بووە، بەڵام زانایان دەڵێن مسقالی ئەو کاتە (٤.٢٥) غرام بووە، بەڵام مسقالی ئیستا (٥)غرامە.

٢ـ زۆربەی جار نصاب وابووە ئەگەر لەسەر زێڕ و زیو حساب بکەیت جیاوازییەکی وایان نەبووە کە زۆر بێت، بۆیە هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون زێڕ ئەسلە و لەسەر زێڕ حساب دەکرێت و هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون لەسەر ئەوەیان حساب دەکرێت کە سوودی بۆ هەژار هەیە، واتە: کامەیان کەمترین نصاب دەربچێت ئەوەیان حساب دەکرێت.

نموونە: نصاب بە زێڕ (٥) ملیۆن دینار دەکات و بەزیو (٤) ملیۆن دینار دەکات، لەم حاڵەتە لەسەر وتەی هەندێک زانا (٤) ملیۆن دەبێتە نصاب و هەندێکی تر دەڵێن (٥) ملیۆن، لەبەر ئەوەی زێڕ ئەسڵە.

تێبینی: ئێستا لەم سەردەمە زێڕ زۆر بەرزە و زیویش بەهاکەی لەدەست داوە زۆر نزمە، لەسەردەمی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەهایان وەک یەک بوو یان لێک نزیک بوو، بۆیە بۆ ئەمەیان هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون زێڕ ئەسڵە و نصابی پارە لەسەر زێڕ حساب دەکرێت و لەسەردەمی پێغەمبەری خواش (ﷺ) ئەسل بووە، هەندێکی تر بۆ ئەوە چوون لەسەر زیو حساب دەکرێت سوودی بۆ هەژار زیاترە.

ئەوەی ئێستا کە زێڕ زۆر بەرزە و زیویش بەهاکەی لەدەست داوە بابەتێکی نوێ یە و پێویستی بە ئیجتهادی زانایان هەیە، دەتواندرێ نصابێکی مام ناوەند دیار بکرێت لەنێوانیاندا، ئەگەرنا وتەی ڕاست ئەوەیە ئەسل زێڕە، لەسەردەمی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەپێی نصابی زێڕ نزیکەی (٢٠) مەڕیان دەکڕی بەو زێڕە، ئێستا بەپێی زیو یەک مەڕی پێ دێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام