پرسیار: حوکمی بیرکردنەوە لە سێکس بۆ کەسێک کە سەڵتە جائزە یان لە ڕەگەزی بەرامبەر؟
وەڵام: بیرکردنەوە لە سێکس دوو حاڵەتە:
یەکەم: خەیاڵ بەسەر دڵیدا دێت بێ ویستی و دەڕوات، ئەمەیان هیچی لەسەر نییە و عەفو کراوە.
دووەم: خەیاڵ بەسەر دڵیدا دێت و کەسەکە بەدوای خەڵدا دەڕوات، ئەگەر:
ـ نییەتی خراپەی هەبێت و هەوڵیشی بۆ خراپەکە بدات، پاشان قەدەری خوای گەورە کەوتە نێوان کەسەکە و تاوانەکە نەیتوانی ئەنجامی بدات، زانایان دەڵێن لەسەری دەنووسرێت، لەبەر وتەی: (ما لم تكلَّمْ به أو تعمل)، یان لەبەر وتەی: (إذا التقى المسلمان بسيفيهما، فالقاتِلُ والمقتولُ في النَّار)، قالوا: يا رسول الله، هذا القاتل، فما بال المقتول؟! قال: (إنَّه كان حريصاً على قتل صاحبه). رواه البخاري (٣١)، ومسلم (٢٨٨٨).
ـ نییەتی خراپەی هەبێتە و بە قسە دەریبڕی بێ ئەوەی ئەنجامی بدات، ئەمەیان لەسەری دەنووسرێت، چونکە بە ئەندامی لاشە ئەنجامی دا کە زمانە، لەبەر وتەی: (ما لم تكلَّمْ به أو تعمل)، هەروەها لەبەر وتەی: (لو أنَّ لي مالاً لعملتُ فيه ما عَمِلَ فلان) يعني: الذي يعصي الله في ماله قال: (فهما في الوزر سواءٌ).
ـ نییەتی گۆڕدرا و خاوبووەوە لەوەی بیری لێ دەکردەوە بێ هیچ هۆکارێک، ئایا تاوانبار دەبێت یان نە، ئەمەیان دوو حاڵەتە:
یەکەم: جار جار بەسەر دڵیدا دێت و دەڕوات، لە دڵیدا جێگیر نابێت و دڵی گرێ نادات لەسەر تاوانەکە، بەڵکو پێی ناخۆشە و خۆی لێ ڕزگار دەکات، ئەمەیان وەسواسە و نیشانەی ئیمانە، لەبەر وتەی: (ذاك صريح الإيمان). رواه مسلم (١٣٢).
دووەم: عزم و جزمی هەیە لەسەر تاوانەکە، وەک زینا و دزی و خواردنەوەی عەرەق و کوشتن و تۆمەتبار کردنی کەسێک و شتی تری هاوشێوەی ئەمانە، ئەگەر بەندە سوور بوو لەسەر ویستی ئەنجام دانی و عەزم و جەزمی هەبێت لەسەری، هیچ کردەوەی ئەندامەکانی لاشەشی بەدیار نەکەوت، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتەی بەناوبانگ هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون لەسەری دەنووسرێت و تاوانبار دەبێت، کە ئەمە وتەی زۆر لە فوقەهاکان و فەرموودەناسەکانە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون لەسەری نانووسرێت و تاوانبار نابێت، ئەم وتەیە دراوەتە پاڵ شافعی و وتەی چەند زانای ترە.
وتەی ڕاست وتەی یەکەمە کە لەسەری دەنووسرێت و تاوانبار دەبێت، بەڵام لە تاواندا وەک ئەو کەسە نییە کە بە کردەوە تاوانەکە ئەنجام دەدات، واللە أعلم.