پرسیار: ئافرەتێک پێش نیوەڕۆی ڕەمەزان پاک بۆتەوە، ئایا واجبە لەسەری بەڕۆژوو بێت لەو ڕۆژەدا؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١ـ هەموو زانایان یەک دەنگن دروست نییە و حەرامە ئافرەت لە ماوەی حەیز و نیفاسدا بەڕۆژوو بێت، جا ڕۆژووی واجب بێت یان سوننەت، لەبەر وتەی پێغەمبەری (ﷺ) خوا: (أليس إذا حاضت لم تصلّ، ولم تصم؟ قلن: بلى. قال: فذلك من نقصان دينها). (الموسوعة الفقهية) (18/318).
٢ـ جیاوازی نییە لەنێوان فوقەهاکان ئەگەر خوێنی حەیز وەستا دوای فەجر (واتە: دوای بانگی بەیانی)، ئەوەی ناتوانێ بەڕۆژوو بێت و واجبە لەسەری ڕۆژووەکە قەزا بکاتەوە. (الموسوعة الفقهية) (18/318).
٣ـ جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئەگەر لە ڕۆژی ڕەمەزاندا پاک بووەوە واجبە خۆی بگرێتەوە لەخواردن و خواردنەوە وەک ڕێز گرتن بۆ مانگی ڕەمەزان یان واجب نییە لەسەری، وتەی ڕاست ئەوەیە لەسەری واجب نییە خۆی بگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە، کە ئەمە وتەی مالکی و شافعی یەکانە. (الشرح الممتع) لابن عثیمین (6/344)، (الموسوعة الفقهية) (18/318).
تێبینی: نابێت لە دەرەوە لەپێش چاوی خەڵک شت بخوات، دەبێت ڕێز لە مانگی ڕەمەزان بگرێت، ئەوەی باسمان کرد لەجیاوازی نێوان زانایان ئەوەیە لە ماڵەوە بێت نەک دەرەوە.