سەردێری پرسیار:ئایا دەکرێ چاو یان جگەر یان دڵی بەراز بۆ مرۆڤ بگوازیتەوە؟

بەرواری دانان :2024-04-05 کۆدی پرسیار:3429

پرسیار:

پرسیار: ئایا دەکرێ چاو یان جگەر یان دڵی بەراز بۆ مرۆڤ بگوازیتەوە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن نەقل کردنی ئەندامەی لاشەی ئاژە بۆ مرۆڤ ئەم دوو حاڵەتەیە:

یەکەم: ئاژەڵەکە پاکە، وەک ئەوەی ئەو ئاژەڵەی گۆشتی حەڵاڵە، ئەمەیان دروستە تەداوی بە ئەندامەکانی لاشەی بکرێت و بۆ مرۆڤ نەقل بکرێت.

دووەم: ئاژەڵەکە پیسە، وەک ئەوەی ئەو ئاژەڵەی گۆشتی حەرامە، وەک سەگ و بەراز و ئاژەڵی تری هاوشێوەی ئەمانە، ئەمەیان ئەسڵ وایە حەرامە، لەبەر ئەوەی پیسە، لەو حاڵەتە دروستە مەگەر ئەندامی لاشەی ئاژەڵی پاکی دەست نەکەوێت. (المجموع) للنووي (٣/١٤٥).

کەواتە بەکارهێنانی ئێسک یان ئەندامی ئاژەڵی پیس دروستە بە دوو مەرج:

١ـ پێویستی بە چاککردنەوەی ئێسکەکە هەبێت یان ئەندامەکە، ئەمەش بە شایەتی دکتۆر دەبێت.

٢ـ هیچ ئەندامی ئاژەڵی پاکی دەست نەکەوێت.

ئەگەر یەکێک لەم دوو مەرجە نەهێتەدی دروست نییە و تاوانبار دەبێت، واجبە لەسەری لابدات یان دەربێنێت ‌ئەگەر ترسی تیاچوونی لەسەر نەفسی خۆی نەبێت یان تیاچوونی ئەندامەکەی. (أحكام الجراحة الطبية) لمحمد مختار الشنقطي لاپەڕە (٢٦٨)، (لقاءات الباب المفتوح) لابن عثیمین ( 106/السؤال رقم 2).

سەبارەت بە نەقل کردنی دلی بەراز یان ئاژەڵ بۆ مرۆڤ، ئەمە بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە:

١ـ تا چەند پێویستی پێیەتی و تا چەند سوودی لێ دەبینێت.

٢ـ ئەم دلە ئاسەواری باشی لەسەر مرۆڤ دەبێت یان خراپ، کاریگەری لەسەر سروشتی مرۆڤ دەبێت یان نە.

بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆلینەوەی زیاترە لەڕووی زانستی، لەبەر ئەوەی شتێکی نوێ یە و تەجڕوبەیەکی وا لەسەری نییە سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت، بۆیە دەبێت کۆمەڵێک پزیشکی شارەزا و کۆمەڵێک فوقەها پێکەوە کۆببنەوە و سەیری سوود و زیان و بەرژەوەندی یەکان بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن، واللە ٲعلم.

ئەگەر چی زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە دروست نییە مەگەر زۆر پێویست بێت و هیچ جێگرەوەی تری نەبێت لە ئاژەڵی پاک، بەڵام دوای ئەمەش سوودی هەیە یان نە؟! چ کاریگەریەکی بەسەر مرۆڤەوە هەیە؟! دەبێت ئەم شتانە یەکلا بکرێنەوە، والڵە ٲعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام