پرسیار: دروستە دایکی بێچووی ئاژەڵ بفرۆشیت لێکیان جیابکەیتەوە؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە لێک جیاکردنەوەی دایک و بێچووی ئاژەڵ، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون ئەگەر دروست نەبێت دایک و مناڵی لێک جیابکەیتەوە لە مرۆڤ ئەوە بۆ ئاژەڵیش دروست نییە، چونکە:
- فەرموودەکە گشتییە مرۆڤ و ئاژەڵ دەگرێتەوە، نابێت دایک و بێچووی ئاژەڵ لێکیان جیابکەیتەوە بە فرۆشتنی یەکێکیان.
- ئازاردانی دایکی تێدایە، هەروەها ئەگەری بەهیلاک چوونی بێچوویشی هەیە.
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە ئاژەڵەکان لێک جیابکەیتەوە، چونکە:
- فەرموودەکە تایبەتە بە مرۆڤ نەک ئاژەڵ.
- دروستە لە کاتی پێویست دایک یان بێچووەکە سەرببڕی، ئەگەر وابێت دەڵێین: دایکی بێچوو سەرمەبڕە یان بێچوو سەرمەبڕە لەبەر دایکی، ئەمەش گومانی تێدانییە پێچەوانەی (معلوم بالضرورة)یە لە ئایینی ئیسلامدا، وتەی ڕاست ئەوەیە فەرموودەکە تایبەتە بە نەوەی ئادەم، ئاژەڵ ناگرێتەوە و دروستە لێکیان جیا بکەیتەوە بە فرۆشتن یان سەربڕینی یەکێکیان، بەڵام نابێت لەبەردەم دایکی سەرببڕی یان دایکی لەبەردەم بێچووی سەرببڕی. (فتح ذي الجلال والإکرام) لابن عثیمین (٩/٢٤٠).
وتەی ڕاست ئەوەیە ئەگەر لێک جیاکردنەوە ببێتە هۆی مردنی بێچووەکە، نەتوانێت خواردن بخوات زۆر بچووک بێت و ببێتە هۆی مردن، ئەوە حەرامە دایک و بێچووی ئاژەڵ لێک جیا بکەیتەوە، ئەگەر بتوانێت خۆی بژیت و خواردن بخوات، مەجالی تێدایە، ئەگەر ڕەچاوی سۆز و عاطفەی ئاژەڵیش بکرێت باشترە، واللە أعلم.