سەردێری پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر فەرموودەی: (من غش فلیس مني)؟

بەرواری دانان :2024-04-28 کۆدی پرسیار:3445

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر فەرموودەی: (من غش فلیس مني)؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) مَرَّ عَلَى صُبْرَةٍ مِنْ طَعَامٍ فَأَدْخَلَ يَدَهُ فِيهَا فَنَالَتْ أَصَابِعُهُ بَلَلًا، فَقَالَ: (مَا هَذَا يَا صَاحِبَ الطَّعَامِ) قَالَ: أَصَابَتْهُ السَّمَاءُ يَا رَسُولَ اللَّهِ قَالَ: (أَفَلا جَعَلْتَهُ فَوْقَ الطَّعَامِ كَيْ يَرَاهُ النَّاسُ، مَنْ غَشَّ فَلَيْسَ مِنِّي) رَوَاهُ مُسْلِمٌ.(١٦٤) (١٠٢)

واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەلای هەندێک گۆمەتێک خواردنی (واتە: گەنم)ی کۆکراوە تێپەڕی دەستی خستە ناوی تەڕ بوو، فەرمووی: (ئەمە چییە ئەی خاوەنی خواردن)، وتی: بارانی بەری کەوتووە ئەی نێردراوی خوا، فەرمووی: (نەدەبوو ئەوەی تەڕی ژێرەوە بخەیتە سەرەوە بۆ ئەوەی خەڵک ببینێت، هەر کەسێک غەش بکات لەمن نییە). 

ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە و ماناکەی:

(علی صبرة): (صبرة): گۆمەتێک یان ڕەوسەیەک خواردنی (واتە: گەنمی) کۆکردبووەوە.

(فنالت بللا): واتە: دەستی بەر تەڕاتی کەوت، چونکە لەسەرەوە گەنمی وشک و جوانی دانابوو و هی ژێرەوەش تەڕ بوو.

(من غش): (غش): واتە: فێل کردن، واتە: شاردنەوەی عەیب و عاری کەل و پەلەکەیە.

(فلیس مني): واتە: لەسەر سوننەت و ڕێگای ئێمە نییە لەم کارەیدا، چونکە تووشی حەرام بووە و واجبێکی تەرک کردووە، نەک مەبەستی ئەوە بێت لە ئیسلام دەرچێت و کافر بێت پەنا بەخوا، ئەم شێوازە بۆ مبالغە کردنە لە خۆ بەدوورگرتن لەم تاوانە، واتە: ئەوەی تووشی ئەم تاوانە بووە لەو ئیماندارانە نییە کە هەستاون بە واجبەکانی ئیمان.

ئیمام مسلم ڕەحمەتی خوای لێ بێت ئەم فەرموودەیەی لە کتێبی (الإیمان) باسکردووە بۆ ئەوەی ڕوون بکاتەوە غەش کردن هۆکارە بۆ کەم بوونی ئیمانی واجب، نەک مەبەستی ئەوە بێت کافرە دەبێت، کە ئەمە وتەی خەوارجەکانە دەڵێن خاوەنی تاوانی گەورە کافر دەبێت.

سوودەکانی فەرموودەکە:

١ـ فەرموودەکە بەڵگەیە فێل کردن لە کڕین و فرۆشتندا حەرامە، شاردنەوەی عەیبی ئەو شتە دەفرۆشیت حەرامە، واجبە ئیماندار تەقوای خوا بکات لە کڕین و فرۆشتندا و ئامۆژگاری براکەی بکات و خۆی بەدوور بگرێت لە خیانەت، فێل کردن هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەری کە حەرامە، هەروەها شتێکی زەم کراوە لەڕووی عەقلیشەوە.

٢- فەرموودەکە بەڵگەیە واجبە فرۆشیار عەیبی ئەو شتەی دەفرۆشێت بە خاوەنەکەی بلێت، شاردنەوەی عەیب حەرامە، عەیب هێشتنەوە بۆ ئیجتهادی کڕیار دروست نییە، لەبەر ئەوەی بەرەکەت ناکەوێتە ئەم کڕی و فرۆشتنە.

بۆ سەلامەت بوون لە فێل پێوەر ئەوەیە شتەکە لە ناخی وەک ڕووکەشی بێت بۆ باسکردنی و ڕووکەشی وەک ناخی بێت، دەبێت لەگەڵ برای خۆت بیت بە بەڵگە و دوور لە فێل و خیانەت کردن.

٣- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە خواردن یان گەنم بە گۆمەت یان ڕەوسە بفرۆشیت، بێ ئەوەی وەزنی بزانیت، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا دانی پێدانا، ئەگەر حەرام بوایا دانی پێ نەدەنا، سەبارەت بە شتی تر نموونە: کۆمەڵە مەڕێک یان شتی تری هاوشێوەی ئەمانە، هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون دروستە و هەندێک تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە، وتەی ڕاست ئەگەر جەهالەتێکی کەمی تێدابوو جیاوازییەکە کەم بوو دروستە، بەڵام ئەگەر زۆر بوو نابێت، هەندێک شت هەیە جیاوازییەکەی ئەگەر کەمیش بێت بە پارە زۆر دەکات بۆیە ئەم جۆرە شتانە نابن.

٤- فەرموودەکە بەڵگەیە دروستە کڕیار بە ووردی سەیری کەل و پەلەکە بکات بزانێت چۆنە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەستی خۆی خستە ناو گەنمەکە، ناگوترێت ئەمە گومانی خراپ بردنە بە فرۆشیار، بەڵکو دەڵێین ئەمە دڵنیاییە بۆ کڕیار، بەتایبەتی ئەگەر قەرینەکەیەک هەبێت).(فتح ذي الجلال والإکرام) (٩/٢٦٣). 

٥- فەرموودەکە بەڵگەیە هەر کەسێک ناوی نادیار بێت ئەوە بانگی دەکرێت بە پیشەکەی، لەبەر وتەی: (یا صاحب الطعام)، ئەگەر پیاوەکە نەناسیت ئەوە بانگی بکە بە پیشەکەی). (فتح ذي الجلال والإکرام) (٩/٢٦٣).

٦- فەرموودەکە بەڵگەیە فێل کردن لە تاوانە گەورەکانە، لەبەر وتەی: (من غش فلیس مني).(فتح ذي الجلال والإکرام) (٩/٢٦٣).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام