پرسیار: بۆچی لە هەندێک شوێنی قورئانی پیرۆز خێزانەکانی پێغەمبەرانی وەسف کردووە بە (امرأة) نەک (زوجة)؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بە جیاوازی نێوان (امرأة) و (زوجة) دەڵێن:
(امرأة): ئەگەر پەیوەندی لاشە لەنێوان نێر و مێ هەبێت بەڵام یەک نەگرنەوە لە فکر و خۆشەویستی پێی دەڵێن (امرأة).
(زوجة): ئەگەر پەیوەندی لاشە لەنێوان نێر و مێ هەبێت و یەک بگرنەوە لە فکر و خۆشەویستی پێی دەڵێن (زوجة).
خوای گەورە کاتێک باسی خێزانەکانی نوح و لوط دەکات دەفەرمووێت: (ﺍﻣﺮﺃﺓ ﻧﻮﺡ)، (ﺍﻣﺮﺃﺓ ﻟﻮﻁ)، نەیفەرموو: (ﺯﻭﺟﺔ نوح) و (زوجة لوط)، لەبەر جیاوازی فکریان لە ئیمان، ئەم دوو پێغەمبەر خێزانەکانیان کافر بوون و فکریان جیاواز بوو.
هەروەها کاتێک باسی فیرعەون و خێزانی دەکات دەفەرمووێت: (ﺍﻣﺮﺃﺓ ﻓﺮﻋﻮﻥ)، نەیفەرموو: (زوجة فرعون)، چونکە فیرعەون ئیمانی نەهێنابوو و خێزانەکەی ئیماندار بوو.
کاتێک باسی ئادەم و محمد دەکات دەفەرمووێت: (ﻭﻗﻠﻨﺎ ﻳﺎ ءاﺩﻡ ﺍﺳﻜﻦ ﺃﻧﺖ ﻭﺯﻭﺟﻚ ﺍﻟﺠﻨﺔ)، (ﻳﺎ ﺃﻳﻬﺎ ﺍﻟﻨﺒﻲ ﻗﻞ ﻷﺯﻭﺍﺟﻚ)، لێرە وەسف کراوە بە (زوجة) لەبەر ئەوەی ئیماندار بوون و یەک فکرە بوون.
کاتێک باسی زەکەریا دەکات (علیە السلام) دەفەرمووێت: (ﻭﻛﺎﻧﺖ ﺍﻣﺮﺃﺗﻲ ﻋﺎﻗﺮﺍً)، لێرە بە (امرأة) وەسف کراوە لەگەڵ ئەوەش خێزانی ئیماندار بووە، ئەمەیان پێش مناڵ بوون بووە، لە ئیمان یەک بوون بەڵام کەم و کوڕی هەبوو لەنێوان لە خۆشەویستیدا، بۆیە زەکەریا شەکوای خۆی بۆلای خوای گەورەی برد خێزانی چاک بکا و مناڵی پێ بدا، دوای ئەوەی خوای گەورە فەرمووی: (ﻓﺎﺳﺘﺠﺒﻨﺎ ﻟﻪ ﻭﻭﻫﺒﻨﺎ ﻟﻪ ﻳﺤﻴﻰ ﻭﺃﺻﻠﺤﻨﺎ ﻟﻪ ﺯﻭﺟﻪ)، لێرە بە (زوجة) وەسفی کرد دوای چاک بوون و مناڵ بوون.
کاتێک باسی ئەبو لەهەب دەکات دەفەرمووێت: (ﻭﺍﻣﺮﺃﺗﻪ ﺣﻤﺎﻟﺔ ﺍﻟﺤﻄﺐ)، ئەمە بەڵگەیە کەم و کوڕی و ناکۆکی لە مالی ئەبو لەهەبیش هەبوو و خۆی خێزانەکەیش یەک نەبوون، خوای گەورە کەشفی کردن کە ئەم دووانەش ناکۆکن و یەک نین.