پرسیار: حوکمی ئەو کەسەی قەرز تاخیر دەکات و پارەشی هەیە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- قەرز کوێری حەرامە، حەرامە لەسەر ئەوەی هەبوونە و هیچ عوزری نییە بۆ قەرز دانەوە تاخیر بکات، بەڵکو لەسەریەتی دەست پێشخەری بکات لە قەرز دانەوە بێ ئەوەی بێزاری بکات، بەڵکو دەبێت پەلە بکات و سوپاسیشی بکات لەسەر ئەو چاکەی لەگەڵی کراوە قەرزی پێداوە، تاخیر کردن بێ عوزر ستەمە و دەبێتە تاریکایی لە ڕۆژی قیامەتدا، بەڵگە:
- عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ): (مَطْلُ الْغَنِيِّ ظُلْمٌ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.
واتە: لە أبي هریرة دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (قەرز کوێری ستەمە).
٢- قەرز دانەوەکە واجب نییە و تاخیر کردنیش حەرامە نییە مەگەر خاوەنەکەی داوای مافی خۆی بکات، یان خاوەن ماف کەسەکەی سەرپشک کردبێت لە دانەوەی. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٠/٣٩).
٣- حەرام بوونی تاخیرکردنی قەرز تایبەتە بەوەی دەولەمەندە و هەبوونە یان توانای دانەوەی قەرزی هەیە، سەبارەت بەوەی هەژارە یان بەربەستێک دێتە پێشی ئەوە عوزری هەیە، واجبە لەسەر خاوەن قەرز چاوەڕێ بکات تا کاتی فراوانی، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَإِن كَانَ ذُو عُسۡرَةٖ فَنَظِرَةٌ إِلَىٰ مَيۡسَرَةٖۚ﴾ [البقرة: 280]
٤- دروستە دوعا لەو کەسە بکرێت کە قەرز تاخیر دەکات بێ عوزر، داواکەشی قبول کراوە، لەبەر ئەوەی ستەم لێکراوە، پێغەمبەری خواش (ﷺ) بە معاذی فەرموو: (اتق دعوة المظلوم، فإنە لیس بینها وبین اللە حجاب). (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٠/٤١).