پرسیار: ئایا باوک دەتوانێت پەشیمان بێتەوە لەوەی داویەتی بە مناڵەکەی؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- دروستە باوک پەشیمان بێتەوە لەو هەدیەی داویەتی بە مناڵی خۆی، جا مناڵەکە گەورە بێت یان بچووک بێت، بەڵگە:
- عن ابْنِ عُمَرَ وَابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُمْ عَنِ النَّبِيِّ (ﷺ) قَالَ: (لا يَحِلُّ لِرَجُلٍ مُسْلِمٍ أَنْ يُعْطِيَ الْعَطِيَّةَ ثُمَّ يَرْجِعَ فِيهَا إِلَّا الْوَالِدَ فِيمَا يُعْطِي وَلَدَهُ) أخرجە أحمد (٨/٤٢٧-٤٢٨)، وأبو داود في کتاب (البیوع)، باب (الرجوع في الهبة) (٣٥٣٩)، والترمذي (٢٣٧٧)، وابن حبان (١١/٥٢٤)، والحاکم (٢/٤٦).
واتە: لە ابن عمر و ابن عباس دەگێڕنەوە خوا لێیان ڕازی بێت فەرموویان: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (حەڵاڵ نییە بۆ پیاوی موسڵمان هەدیە بدات و پاشان پەشیمان بێتەوە، مەگەر باوک پەشیمان بێتەوە لەوەی داوە بە مناڵەکەی).
- چونکە باوک خاوەنی مولکی مناڵی خۆیەتی چۆنی بوێت، کەواتە وەرگرتنەوە لەپێشترە بۆی دروست بێت، لەبەر وتەی: (أنت ومالك لأبیك). أخرجە ابن ماجە (٢٢٩١)، والطحاوي في (شرح مشکل) (٤/٢٧٧)، (الإرواء) (٣/٣٢٣).
وەرگرتنەوەی هەدیە لە مناڵ دوو حاڵەتە:
یەکەم: ئەگەر هەدیەی دابێت بە مناڵێکی خۆی و نەیدابێت بەوانی تر، لەم حالەتە لێی وەردەگرێتەوە بۆ ئەوەی جیاوازی نەکات لە نێوان مناڵەکان لە هەدیە پێدان.
دووەم: وەرگرتنەوەی هەدیە حالەتی جیاوازی کردن نەبێت لەنێوان مناڵەکان، ئەمەیان وەرگرتنەوەی دروستە بەڵام بە مەرج بە لێ وەرگرتنەوەی نەبێتە هۆی جیاوازی نێوان مناڵەکان.
٢- دروستە باوک هەدیە لە مناڵ وەربگرێتەوە بەڵام بە مەرج:
- دەبێت هەدیەکە لەژێر مولکی کوڕەکەی مابێت، ئەگەر لەژێر مولکی دەرچووبێت بە فرۆشتن یان بە هەدیەدان بە کەسێکی تر یان بە میرات، ئەوە باوک بۆی نییە لێی وەربگرێتەوە، لەبەر ئەوەی مافی بەتال بۆتەوە.
- هەدیەکە پەیوەست نەکرابێت بە مافی کەسانی ترەوە، وەک ئەوەی لە ڕەهن دانەنرابێت، یان کەسێک مفلس بووە و حەجری خراوەتەسەری، کەی لە ڕەهن دەرچوو ئەوکات باوک دەتوانێت وەربگرێتەوە.
- باوک لەو هەدیە خۆش نەبووبێت، ئەگەر لێی خۆش بووبێت وەک ئەوەی بڵێت ئەم خانووە یان ئوتومبێلەم دا بەتۆ لێت وەرناگرمەوە، لەم حالەتە بۆی نییە لێی وەربگرێتەوە، لەبەر وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ): (المسلمون علی شروطهم).
- ئەو هەدیەی پێی دراوە زیاد نەبووبێت و پێیەوە (متصل) بێت، ئەگەر زیاد بووبێت ئەوە دوو وتە هەیە.