پرسیار: بۆچی نەهی کراوە لە کڕینەوەی هەدیە و خێر؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- نەهی کراوە لە کڕینەوەی خێر و هەدیە لەو کەسەی کە پێت داوە، بەڵگە:عَنْ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ: حَمَلْتُ عَلَى فَرَسٍ فِي سَبِيلِ اللَّهِ فَأَضَاعَهُ صَاحِبُهُ فَظَنَنْتُ أَنَّهُ بَائِعُهُ بِرِخَصٍ، فَسَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) عَنْ ذَلِكَ فَقَالَ: (لا تَبْتَعْهُ وَإِنْ أَعْطَاكَهُ بِدِرْهَمٍ) الْحَدِيثَ مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.
واتە: لە عمر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: ئەسپێکم بەخشی بە ئەوانەی جیهاد دەکەن لەڕێگای خوا، خاوەنەکەی ویستی بەرەلای بکات گومان وابوو بە هەرزانی دەفرۆشێت، پرسیارم لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) کرد فەرمووی: (مەیکڕە ئەگەر بە یەک درهەمیشت پێ بدات).
٢- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون نەهی کردن لە کڕینەوەی خێر بۆ کەراهەتە نەک حەرام بوون، لەبەر ئەوەی کاتێک ئێمە دەکڕینەوە ئەوە بووین بە خاوەنی بە ڕێگایەکی نوێ، جگە لەوە نەبێت جوان نییە ئەو شتە بگەڕێنیتەوە ئەوەی لەڕێگای خوا بەخشیوتە.
قرطبي و ظاهری یەکان و هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نەهییەکە بۆ حەرام بوونە، لەبەر ئەوەی چوواندوویەتی بە سەگ. (فتح الباري) (٥/٢٣٦-٢٣٧)، (المفهم) (٤/٥٧٩-٥٨٠)، (الاستذکار) (٩/٣٢٨).
لەسەر وتەی یەکەم ئەگەر فرۆشرا فسخ ناکرێتەوە، لەسەر وتەی دووەم فەسخ دەکرێتەوە، چونکە نەهییەکە دەلالەت لەسەر فەساد دەکات.
٣- نابێت ئەوەی خێری کردووە ئەو خێرە بکڕێتەوە، ئەمە ڕێگری کراوە لەبەر دوو شت:
یەکەم: خێرەکە لە دەستی خاوەنەکەی دەرچووە نابێت نەفسی خۆی بەدوای ببات.
دووەم: ئەوەی خێری وەرگرتووە لێی خۆش دەبێت و بە هەرزان پێی دەفرۆشێتەوە، لەسەر ئەمە هەندێک خێرەکەی ئەوەی بەخشیویەتی بۆی دەگەڕێتەوە و هەندێکی تریش بەرامبەر پارە دەکڕێتەوە. (فتح ذي الجلال والإکرام) (١٠/٣٥٦).