پرسیار: دوێنی لە نوێژی عیشا کاتێک ئیمام چوو بۆ ڕکوع (اللە أکبر)م لەبیرکرد، ئەو کاتە بیرم کەتەوە کە لە ڕکوع بوو، بۆیە لە ڕوکع (اللە أکبر)م خوێند، ئایا تەکبیر دەبێ کاتی چوون بۆ ڕکوع بگوترێ؟ ئایا ئەگەر لە ڕکوع بخوێنی نوێژ بەتالە؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون تەکبیرەکانی انتقال سونەتن واجب نین، کە ئەمە وتەی حەنەفی و مالکی و شافعی یە، بەڵکو هەندێک زانا ئیجماع نقل دەکەن بەڵام ئیجماع ڕاست نییە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون تەکبیرەکانی انتقال واجبن، کە ئەمە وتەی حەنابلەیە و ئیسحاق بن راهویە و هەندێك ظاهری و ابن باز و ابن عثیمینە، گەر بڵێی تەکبیرەکانی نوێژ واجبن ئەوە ئەم وتەیە وتەیەکی بەهێزە، چونکە:
- پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی کردووە.
- کردەوەی پێغەمبەر بووە (ﷺ) هیچ جار تەرکی نەکردووە.
- تەکبیرەی انتقال شعارە بۆ نقل بوون لە ڕوکنێک بۆ ڕوکنێکی تر.
٢- تەکبیرەکانی نەقل بوون ڕوکنی نوێژ نین، تەنها تەکبیرەی ئیحرام ڕوکنی نوێژە، بۆیە بە تەرککردنی نوێژ بەتال نابێتەوە.
٣- تەکبیرەی (انتقال) نەقل بوون لە ڕوکنێکەوە بۆ ڕوکنێکی لەو کاتە دەخوێنی کاتێک لە ڕوکنێکەوە نەقل دەبێت بۆ ڕوکنێکی تر، ئەمە ڕاستە و موافقی سوننەت، ڕکوع شوێنی زیکری ترە نەک شوێنی تەکبیر بێ، بۆیە هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون خوێندنی زیکرێت کە هی ئەو شوێنە نەبێت نوێژی بەتال دەکاتەوە، بەڵام وتەی ڕاست ئەو حالەتەی ئێستا مەجالی تێدایە و نوێژی بەتال نییە.
٤- تەکبیر نەقل بوون بۆ ڕکوع لەبیرت کردووە پێویست ناکات لە ڕکوع بخوێنی، لەبەر ئەوەی تەکبیرەت لەبیر کردووە و شوێنەکەی چووە، لە ڕکوع زیکری ڕکوع دەخوێنی.