سەردێری پرسیار: ئێمە ساڵانە لە وەرزی هاویندا تا پایز پوش و پەلاشی زەوی خۆمان بە پارە دەفرۆشین یان دەدەین بەوانەی کە مەڕیان هەیە، ئایا ئەمە حەرامە یان نە؟

بەرواری دانان :2024-08-11 کۆدی پرسیار:3523

پرسیار:

پرسیار: ئێمە ساڵانە لە وەرزی هاویندا تا پایز پوش و پەلاشی زەوی خۆمان بە پارە دەفرۆشین یان دەدەین بەوانەی کە مەڕیان هەیە، ئایا ئەمە حەرامە یان نە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: عَنْ رَجُلٍ مِنَ الصَّحَابَةِ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُ قَالَ: غَزَوْتُ مَعَ النَّبِيِّ (ﷺ) فَسَمِعْتُهُ يَقُولُ: (النَّاسُ شُرَكَاءُ فِي ثَلاثَةٍ: فِي الْكَلَإِ وَالْمَاءِ وَالنَّارِ) رواە أحمد (٣٨/١٧٤)، وأبو داود في کتاب (البیوع)، باب (في منع الماء) (٣٤٧٧)، وَرِجَالُهُ ثِقَاتٌ.

واتە: لە پیاوێک دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت لە هاوەڵان فەرمووی: غەزام لەگەڵ پێغەمبەری خوا (ﷺ) کردووە، گوێم لێ بوو دەیفەرموو: (خەڵک شەریکن لە سێ شتدا: لەوەڕگا و ئاو و ئاگر).

فەرموودەکە بەڵگەیە خەڵک شەریکە لەم سێ شتانەدا، هەموو خەڵک بۆ هەیە سوودی لێ وەربگرێت و نابێت کەس دەستی بەسەردا بگرێت و قەدەغەی خەڵک بکات، لەوەڕگا، ئەو گژوگایەی لە زەوی مردوودا دەڕوێت لەسەر کێوەکان و دەشت و دۆلەکان ئەوەی مولکی کەس نییە، سەبارەت بەو گژوگیایەی لەسەر زەویەکە خاوەنی هەیە و مولکی کەسێکە، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا دەتوانێ قەدەغەی بکات یان نە:

یەکەم: هەندێک زانا بۆ ئەوە چوون فەرموودەکە گشتییە زەوی خاوەن مولکیش دەگرێتەوە و نابێت قەدەغەی بکات.

دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروستە خاوەن زەوی قەدەغەی خەڵک بکات و بیفرۆشێت، چونکە لەوەڕگا تابعە بۆ زەوییەکەی، مادەم زەوی هی ئەوە لەوەڕگاش هی ئەوە.

سێیەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون ئەگەر گژوگیایەکە خۆی ڕوابێت ئەوە مولکی ئەو نییە و خەڵک تێیدا شەریکن، ئەگەر خۆی ڕواندبێت و زەوی کێلا بێت و ئاویدابێت یان باران بەسەریدا باری بێت، ئەو مولکی ئەوە، کە ئەمە وتەی ابن تیمیةیە. (الاختیارات) لاپەڕە (١٢١).

وتەی ڕاست مەجالی تێدایە مادەم زەوییەکە خاوەنی هەیە دەتوانێ بیفرۆشێت، وتەی ابن تیمیةش بەهێزە، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام