پرسیار: حوکمی وەسیەت کردن؟
وەڵام: زانایان سەبارەت بەمە دەڵێن:
١- وەسیەت فەرمان کردنە بە تەسەڕوف کردن دوای مردن، یان مال بەخشینە دوای مردن.
٢- ئەسل لە وەسیەت کردن کتاب و سوننەتە و یەک دەنگی زانایانە، سەبارەت بە کتاب خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿مِنۢ بَعۡدِ وَصِيَّةٖ يُوصَىٰ بِهَآ أَوۡ دَيۡنٍ غَيۡرَ مُضَآرّٖۚ﴾، سەبارەت بە سوننەت چەندین فەرموودە هاتوون، هەروەها هەموو زانایان یەک دەنگن لەسەر دروستی وەسیەت کردن. (المغني) (٨/٣٩).
٣- جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە حوکمی وەسیەت، دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون وەسیەت سوننەتە، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، بەڵکو ابن عبد البر یەک دەنگی زانایان نەقل دەکات لەسەر ئەوەی کە وەسیەت سوننەتە واجب نییە مەگەر کەسێک مافی خەڵکی لەلایە، ئەوانەی دەڵێن واجبە وتەیان شازە. (التمهید) (٨/٣٨٤) (١٤/٢٩٢).
دووەم: هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون واجبە، کە ئەمە وتەی ابن حزم و داود الظاهری و هەندێک لە متأخرینەکانە، ابن حزم دەفەرمووێت واجبە لەسەر ئەو کەسەی مالی هەیە، بەڵگە:
- خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿كُتِبَ عَلَيۡكُمۡ إِذَا حَضَرَ أَحَدَكُمُ ٱلۡمَوۡتُ إِن تَرَكَ خَيۡرًا ٱلۡوَصِيَّةُ لِلۡوَٰلِدَيۡنِ وَٱلۡأَقۡرَبِينَ بِٱلۡمَعۡرُوفِۖ حَقًّا عَلَى ٱلۡمُتَّقِينَ١٨٠﴾ [البقرة: 180]، مانای (کتب)، واتە: فرض.
- عَنِ ابْنِ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ تَعَالَى عَنْهُمَا أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ (ﷺ) قَالَ: (مَا حَقُّ امْرِئٍ مُسْلِمٍ لَهُ شَىْءٌ يُرِيدُ أَنْ يُوَصِيَ فِيهِ يَبِيتُ لَيْلَتَيْنِ إِلَّا وَوَصِيَّتُهُ مَكْتُوبَةٌ عِنْدَهُ) مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.
واتە: لە ابن عمر دەگێڕنەوە خوا لە هەردووکیان ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: (کەسی موسڵمان مافی ئەوەی نییە ئەگەر ویستی شتێکی هەبێت بکات بە وەسیەت دوو شەو بمێنێتەوە ئیلا دەبێت وەسیەتی نوسراو بێت لەلای).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە وەسیەت واجبە.
وتەی ڕاست وتەی زۆربەی زانایان کە سوننەتە واجب نییە مەگەر مافی خەڵکی لەلابێت وەک سپارە و مافی تر، ئایەتەکە منسوخە بە ئایەتی میرات یان منسوخ نییە بەڵکو باسی کەسە نزیکەکانە کە میرات لە موسڵمان ناگرن، وەک ئەوەی دایک و باوک کافر بن یان میراتگری تر، هەروەها فەرموودەی باب هیچ ئاماژەی بۆ واجب بوون نەکردووە، بەڵکو وتەی: (یرید أن یوصي) وەسیەتی پەیوەست کردووە بە ویست، ئەگەر واجب بوایا پەیوەستی نەدەکرد بە ویست.
وەسیەت هەر پێنج حوکمەی بەسەر جێ بەجێ دەبێت، حالەت هەیە واجبە ئەگەر مافی خەڵکی لەلابێت، حالەتە هەیە حەرامە ئەگەر مەبەستی زیان گەیاندنی هەبێت بە میراتگرەکان، حالەتە هەیە سوننەتە ئەگەر کەمتر بوو لە سێیەک، هەروەها حالەتە هەیە مەکروهە ئەگەر ئەوەی وەسیەت دەکات مالێکی کەمی هەبوو ومیراتگرەکانی پێویست بوون، هەروەها ڕێگەپێدراوە ئەگەر کەسەکە دەولەمەند بوو و میراتگرەکانی پێویست بوون، یان مالی کەم بوو و میراتگرەکانی پێویست نەبوون.